هاژە لە قەڵادزێ ـوە پەینی خۆماڵی بەرهەمدەهێنێت

2024/10/29    89 جار بینراوە


* نەوژین، هاوژین محەمەد

لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی خاک، هاژە بڕیاری دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی داوە و وەک یەکەم خانم لە قەڵادزێ کارگەکەی دامەزراندوە، دەڵێت: کارگەکە بەتەواوی دۆستی ژینگەیە، هەروەک  پلانی زیادکردنی بەرهەمەکانم هەیە.

هاژە حەسەن، دانیشتوی قەزای قەڵادزێ ـیە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی خاک، زیاتر لە ساڵێکە کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی دامەزراندوە، کە یەکەم کارگەی تایبەت بە دروستکردنی پەینی خۆماڵیە لە ناوچەکە.

لەبارەی کارگەکەیەوە، هاژە بە نەوژینی وت: تێیدا لە پاشماوەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، پەینی ئەندامی بەکوالێتیەکی بەرز و بەشێوازی شل و لە کیس نراو بەرهەمدێنین.

لەنێو کارگەکەی دو جۆر لە پەین دروستدەکرێن؛ بایۆچاری شلی ئەندامی و ڤێرمیكاست. لەبارەی جۆرەکانەوە، هاژە وتی: ئێمە تەنها بایۆچاری شلی ئەندامی بەرهەمدەهێنیین و ئەوەی دیکە لە پاشماوەی ئەم دروستدەکەین، ئەمەش وایکردوە رێژەی پاشماوەی کارگەکە سفڕ بێت. کارگەکە تاکە کارگەیە لە هەرێمی کوردستان کە بەو شێوازە کاردەکات و بەتەواوی دۆستی ژینگەیە.

بەرهەمی ساڵانەی کارگەکە؛ بۆ جۆری یەكەم بەرهەمهێنانی ٣ هەزار دەبەیە كەدەكاتە ٦٠ هەزار لیتر، بۆ جۆری دوەمیش بەرهەمهێنانی ٧ تەنە.

لەبارەی شێوازی بەرهەمهێنانەکان، هاژە وتی: بۆ دروستکردنی هەردو جۆرەکە، هیچ جۆرە ماددەیەكی كیمیایی بەكارناهێنین، تەنانەت ماددەی حافیزەیشی تێناکەین، ئامادەکراوەکان زیاتر بەشێوازی داواکاری دروستیان دەکەین، واتا کەی داواکاری هەبێت ئەوکات دروستیان دەکەین و بەوشێوەیە بە تازەیی دەیگەیەنینە دەست کڕیارەکان، کە ئەمەش وادەکات پەینەکە بێزیان بێت بۆ خاك و بەرهەمە كشتوكاڵیەكان.
 

دیمەنێک کە تێیدا هاژە و باوک و دو براکەی پێکە کار دەکەن


لەسەرەتای دەستپێکردنی و گەشەدان بەو بیرۆکەیەی لە خەیاڵی بوە، تاکە کەس کە پێی وتوە “پاڵپشتتم و بڕوام پێتە” باوکی بوە، هاژە دەڵێت: جگە لە باوکم هەموان گاڵتەیان بە بیرۆکەکەم دەکرد، زۆر قسەی ناخۆشیان کرد، پێیان دەوتم، دەی بەڵکو رۆژێک حکومەت وەک مامۆستا داتبمەزرێنێت، یان دەیانوت، توخوا ئەوە کارە هێناوتەتەوە بۆ باوکت.

زیاتر وتی: بەڵام سەرباری ئەوانە باوکم سور بو لەسەر ئەوەی یارمەتیم بدات، ئەوکات دو ساڵ بەر لە ئێستا بو، تازە ماستەرم لە زانکۆی چۆكۆرۆڤا لە وڵاتی تورکیا بەدەستهێنابو، باوکم چونکە خۆی وەستای میکانیکی کارەبایە، لەگەڵم هات رۆشتینە تورکیا، سەیری ئامێرەکانی کرد و بیرۆکەی دروستکردنەکەی وەرگرت، دواتر گەڕاینەوە و لێرە دروستیکردن.

دوای بەرهەمهێنانی یەکەم بەرهەمی کارگەکەی، هاژە و باوکی بەرهەکەیان بردوەتە نوسینگە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکە و دەستیان بە بازاڕیکردنی بەرهەمەکەیان کردوە.

هاژە، بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە، هەر لەڕێگەی کارگەکەی کارێکی دیکەش دەکات، بۆی باسکردین: خزمەتگوزاریەکم هەیە بریتیە لە وەرگرتنەوەی دەبە پلاستیکیەکانی پەینەکە لە جوتیارەکان و دوبارە تێکردنەوەی بەرهەمەکە، کە ئەمەش وادەکات ژینگە لە فڕێدانی دەبەی پلاستیک پارێزراوبێت، لەلایەکی دیکە جوتیارانیش سودی لێ دەبینن، چونکە تێچویەکی کەمتریان لەسەر دەبێت.

رێچکەشکێنی ئەم کچە تەنها دروستکردنی کارگەیەکی دروستکردنی پەین نییە، بەڵکو لە بازاڕی کارەکە تاکە کچە و ئەمەش ئاڵەنگاری هێناوەتە پێش.‎

وتی: لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەرچوانی بەشی کشتوکاڵ لە کوردستان کچانن، بەڵام لە مامەڵەی بازاڕدا زۆرینە پیاوانن، ئێمەش ئاڵەنگاری بۆ دروستکردوم، چونکە هێشتا ئەم بیرکردنەوە لای پیاوان هەیە، کە ئەوان باشترن لە بوارەکە، پێموایە ئێمەی ژنان دەبێت هەوڵێکی زۆر بدەین تاوەکو زانیاریەکی زۆر پەیدا بکەین و رکابەری ئەوان بین لە بوارەکە. 

پلانی داهاتوی هاژە، زیادکردنی بەرهەمەکانیەتی بۆ دو هێندە، بەمەش هەلیکار بۆ گەنجانی ناوچەکەی دەڕەخسێنێت، وەکخۆی وتی: چەندە بەرهەمم زیادببێت، ئەوەندە دەتوانم هەلیکار بۆ گەنجانی ناوچەکەم بڕەخسێنم.

هاژە لەگەل باوکی خەریکی کارکردنن

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,791,688     ژمارەی میوان 876

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە