ژمارەی ژنانی کاندید لەم هەڵبژاردنە زیاترە لەجاری پێشو بەڵام رێژەکەیان یەکسانە

2024/10/14    1571 جار بینراوە


* نەوژین

لە هەڵبژاردنی پێشوی پارلەمانی کوردستان کە ساڵی (٢٠١٨) بەڕێوەچو، رێژەی کاندیدە ژنەکان وەکو هەڵبژاردنی ئەمجارەیە، بەڵام ژمارەی ژنە کاندیدەکان کەمتر بو.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پارلەمانی کوردستان کە خولی شەشەمێتی، ژنان (٣٠%)ـی کۆی گشتی کاندیدەکان پێکدەهێنن کە ژمارەیان (٣٦٨) کاندیدە لەکۆی (١١٩١) کاندید. نەوژین بەراوردێکی ئەم رێژەیەی بە هەڵبژاردنی پێشو (خولی پێنجەم)  کردوە.

بەپێی ئەو داتایانەی دەست نەوژین کەوتون، لە هەڵبژاردنی رابردوشدا بەهەمان شێوە (٣٠%)ـی کاندیدەکان ژن بون، بەشێوەیەک (٢٣٨) ژن بون لەکۆی (٧٧٣) کاندید. هەروەک دابەشبونیان بەسەر حزبەکان بەمشێوەیە بوە؛

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لیستی سەردەم، بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراستی و دادپەروەری، یەکە و (٣٠) ژنیان کاندیدکرد بو، ئەمەش لەکۆی (١٠٠) کاندید.

لیستی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح، ١٨ ژنی کاندید کردبو لەکۆی (٦٠) کاندید. نەوەی نوێ لەکۆی ٥٠ کاندید (١٧) کاندیدی ژن بو، کۆمەڵی دادگەری لەکۆی (٤٠) کاندید (١٤)ـیان ژن بون، لیستی ئازادی لەکۆی (٤٠) کاندید (١٣)ـیان ژن بون، پارتی پارێزگارانی تورکمان لەکۆی (١٤) کاندید پێنجیان ژنبون.

هەریەک لە لیستی ئەرمەن، پارتی چاکسازی تورکمانی، بەرەی تورکمانی هەولێر، بەرەی تورکمانی عێراقی، ابناء نهرین، لیستی تورکمانی دیموکراسی و رافیدەین، یەکە و ٢ ژنیان کاندید کردبو، و  کلد و ئاشور و سریانیەکانیش ٣ ژنیان کاندیدکردبو، بزوتنەوەی بروسکەی تورکمانی و لیستی دیموکراسی مەسیحیش یەک کاندیدی ژنیان هەبوە.

دواتر ٣٣ ژن گەیشتنە پارلەمان کە نزیکەی (١٠)ـیان بە دەنگی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە کۆتا سەرکەوتن.

بەپێی راپۆرتێکی ئینستیتیوتی پەی، ئەم ژنە پارلەمانتارانە لەماوەی چوار ساڵی پارلەمان دا، (٣٥ کاتژمێر و ٨ خولەک و ٢١ چرکە) قسەیانکردوە، بەڵام هیچ یەکێکیان پێشنیازە یاسایان ئامادە و پێشکەش نەکردوە، هەروەک تەنها ٦ ژنە پارلەمانتار بیرۆکەیان پێشکەش کردوە.

هەڵبژاردنی رابردو لە رۆژی (٣٠ـی ئیلولی ٢٠١٨) بەڕێوەچو، ئەوکات (سێ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٤٦١) کەس مافی دەنگدانیان هەبو و رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکە (٥٩%) بو. جیاوازی هەڵبژاردنەکە لەچاو ئەمەی ئێستا ئەوەیە، پێشتر هەمو هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بو، بەڵام ئێستا چوار بازنەیە و هەر پارێزگایە و بازنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەمەش وایکردوە ژمارەی کاندیدەکان لە هەردو رەگەز زیاتر بن. هەروەک ئەم هەڵبژاردنە کورسییەکانی پارلەمان بە کۆی گشتی کراون بە (١٠٠) کورسی کە (٥) کورسییان کۆتای پێکهاتەکانە (٣ مەسیحی و ٢ تورکمان)، بەڵام پێشتر (١١٠) کورسی بو و (١٠) کورسی بۆ پێکهاتەکان بو (٥ بۆ مەسیحی و ٥ بۆ تورکمان).



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,345     ژمارەی میوان 1675

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە