ئامێدی: پیاوێک بە دەستڕێژی گوللە ژنەکەی کوشت و سێ لە مناڵەکانیشی بریندار کرد

2024/09/29    1215 جار بینراوە


* نەوژین

لە گوندێکی سەر بە قەزای ئامێدی؛ پیاوێک بە دەستڕێژی گوللە ژنەکەی کوشت و سێ لە مناڵیەکانیشی بریندار کرد، پۆلیس لەسەر روداوەکە هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی نەوژین، تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە. 

روداوەکە بەیانی دوێنێ (٢٨ـی ئەیلول)، لە گوندێکی سنوری ناحیەی مانگێشکێ سەر بە قەزای ئامێدی رویداوە، پیاوەکە دەستڕێژی گوللەی لە هاوسەرەکەی کردوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست داوە، هەر بەهۆی دەستڕێژی گوللەکەوە دو لە کچەکانی و کوڕێکیشی بریندار بون. ئەمەش بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە روداوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکەینەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها پێی راگەیاندین: ژنەکە بەناوی (خ،ع) تەمەنی نزیکەی ٦٥ ساڵ بوە، هەریەک لە مناڵەکانیش تەمەنیان سەرو ١٨ ساڵە، هەروەک کوڕەکە بە سەختی بریندارە و چەند گوللەیەک بەر سکی کەوتوە، کچەکانیش گوللە بەر قاچەکانیان کەوتوە.

لەدوای روداوەکە تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتوە و سەرچاوەکە پێی راگەیاندین: هێشتا دەستگیرنەکراوە، بەڵام کوڕێکی دیکەی کە لەماڵەوە بوە، لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەمە و پۆلیسی ناوچەکە لەسەر روداوەکە تاوەکو ئێستا هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردوەتەوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,044     ژمارەی میوان 2046

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە