پروشە، پڕۆژەیەکی جیاوازی بۆ پاراستنی ژینگە لە پلاستیکی بەکارهاتو هەیە

2024/09/23    163 جار بینراوە


* نەوژین، پەرژین کامەران

پروشە، پڕۆژەیەکی جیاوازی بۆ پاراستنی ژینگە لە پلاستیکی بەکارهاتو هەیە، لەمیانی پڕۆژەکەی دا ئەو کەسانە قازانج دەکەن کە پلاستیکە بەکارهاتوەکانیان دەدەن بە پروشە و ستافەکەی. 

پروشە ئاوات، کە کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵی دانیشتوی شاری سلێمانییە خاوەنی پڕۆژەی (سولی-سایکڵ)ـە، کە ئامێری گۆڕینی پلاستیکە بۆ پارە، بەشێوەیەک پلاستیک کۆدەکاتەوە و لەبەرامبەردا پاداشت بە بەکارهێنەر دەدات. پاداشتەکانیشی بریتین لە داشکاندن لە چەندین خزمەتگوزاری سلێمانی و دەرەوەی شارەکە.

لەبارەی بیرۆکەی پرۆژەکەیەوە، پروشە باس لەوەدەکات بیرۆکەکەی لە وڵاتانی دەرەوە وەرگرتوە و لێرە بەکاریهێناوەتەوە.

بە نەوژینی وت: بیرۆکەی پڕۆژەکەم لە وڵاتانی دیکەوە وەرگرت و هێنام وەک یەکەم کەس لە کوردستان و عێراق جێبەجێمکرد، لە جیهان دا چاڵنجی زۆر گەورە هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و بەتایبەت ریسایکل کردنەوەی پلاستیک، ویستیم کوردستانیش ببێت بە یەکێک لەوان.

پڕۆژەی سولی سایکڵ لەلایەن تیمێکی پێنج کەسیەوە بەڕێوەدەبرێت، خاوەنی سەرەکی بیرۆکەکە پروشەیە، ئەوەی وادەکات خەڵکانێکی زیاتر بەشداری بکەن داشکاندنکردنە بۆ ئەو کەسانەی پلاستیکە بەکارهێنراوەکانیان دەهێننە لای ستافی پڕۆژەکە.

وەک پروشە وتی: ژینگە بۆ زۆرکەس کاری لە پێشینە نییە، بەڵام کاتێک داشکاندنێک لە بەرامبەر ریسایکلی پلاستیکی بەکارهێنراو دا وەردەگریت، ئەوکات جیاوازە بێت. رونیکردەوە: چەندین شوێنی کار لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و داشکاندنەکان لە (١٠٪)ـەوە دەستپێدەکەن.

پروشە مناڵان فێری بەکارهێنانی ئامێرەکە دەکات

پرۆژەکە لە ئێستادا بریتییە لە ٦ ئامێر کە لە شەش شوێنی جیاوازی شاری سلێمانی دانراوە، هەر ئامێرێک توانای کۆکردنەوەی ٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆ پلاستیکی هەیە، پروشە دەڵێت: ئامێرەکە بەتەواوی دۆستی ژینگەیە و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نییە.

دەشێڵت: پڕۆژەکە لە ئێستا دا بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە و پلانی فراوانکردنیمان بۆ شارەکانی دیکە هەیە، هەر لەم مانگەدا ئامێرێک لە شاری هەولێریش دادەنێین.

ئامێرەکە تەنها ئەو جۆرە پلاستیکە وەردەگرێت کە کورتکراوەی "پێت"  (PET)ـی ئینگلیزی لەسەر نوسراوە و لە بتڵی ئاو، شامپۆ، زاهی و رۆنی دا هەیە. (PET) کورتراوەی زاراوەی (Polyethylene Terephthalate) کە ناوی کیمیایی مادەی پۆڵیستەرە. 

"پێت" ماددەیەکی پلاستیکی رون، بەهێز و سوکە و بۆ لە قتونانی خواردن و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی خواردنەوەی گازی، شەربەت و ئاو.

سلێمانی لە رۆژانی ئاسایی دا (١٠٠٠) تۆن و لە بۆنەکاندا (١٢٠٠) تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە، کە زیاد لە (٪٦٠)ـی خۆراکە.

ژمارەکانی پڕۆژەکە لەبارەی رێژەی ریسایکلکردنی پلاستیکەوە دڵخۆشکەرە، بەشێوەیەک لەماوەی سێ مانگی رابردو دا (٣٠٠٠ بۆ ٣٥٠٠) کیلۆ پلاستیک لەڕێگەی پڕۆژەکەوە ریسایکل کراوە.

پروشە باسلەوەدەکات، ئەوەی بۆ خەڵک زیاتر جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەڕێوەبەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکە کچێکە؛ زۆرکات بە سەرسوڕمانەوە پێمدەڵێن “کچێک چۆن دەتوانێت بەتەنها ئەم کارەبکات”.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,721,838     ژمارەی میوان 1913

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە