كۆمسیۆن: ژنان لەکۆی ٩٥ کورسی پارلەمانی کوردستان ٣٠ کورسییان مسۆگەرە

2024/09/16    1013 جار بینراوە


* نەوژین

کۆمسیۆن کۆتای ژنانی بۆ پارلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە و ئاشکرایکرد لەکۆی ٩٥ كورسی دەنگدانی گشتی ٣٠ كورسی بۆ ژنان، هەروەک كورسی كۆتای ژنان لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان دیاری ناكرێت. 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سیستەمی دیاریكردنی كورسی كۆتای ژنانی بڵاوکردەوە و بەپێی سیستەمەکەش لەكۆی ٩٥ كورسی دەنگدانی گشتی ٣٠ كورسی بۆ ژنان یەكلایی بوەتەوە. ئەوەش واتا كورسی كۆتای ژنان لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان (مەسیحی و توركمان) دیاری ناكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەپارێزگای سلێمانی لەکۆی ۳٦ كورسی دەنگدانی گشتی دەبێت ۱۱ كورسی بۆ ژنان بێت، لە پارێزگای هەولێر لەكۆی  ۳۲ كورسی ۱۰ كورسی بۆ ژنان بێت، لە پارێزگای دهۆك لەكۆی ۲٤ كورسی ٨ـی بۆ ژنان بێت و لەپارێزگای هەڵەبجەش لەكۆی سێ كورسی كورسیەك بۆ ژنان دیاركراوە.

هەر بەپێی ئەو سیستەمەی كۆمیسیۆن كاری پێدەكات، لەكاتی مانەوەی كورسیەك یان زیاتر بەبەتاڵی، ئەوا زۆرترین ماوە (باقی ئەقوا) دەبێتە خاوەنی كورسی یەكەم و پاشان زۆرترین ماوەی دوەم دەبێتە خاوەنی كورسی دوەم تا دواتر، لەنێو كاندیدەكانیش هەر لیستێك دەنگی كاندیدەكان لە زۆرترینەوە تا كەمترین ریز دەكرێت لەسێ كەس ژنێك هەڵدەبژێردرێت بەپێی زۆرترین دەنگ لەناو لیستەكەدا.

ئەگەر كۆتای ژنان بەو شێوەیە تەواو نەكرا ئەوا لەو لیستانەی دو كورسیان هەیە كورسی دوەم بۆ ژنان دەبێت و ئەگەر بەو شێوازەش تەواو نەبو ئەو لیستانەی یەك كورسیان هەیە كۆتای ژن هەڵدەبژێردرێت بەجۆرێك ئەو لیستانەی دو كورسی یان یەك كورسیان هەیە لەو لیستانەوە دەست بە دانانی كۆتا دەكرێت كە كەمترین دەنگیان هێناوە بە نمونە گەر لیستێك بە ۳۰ هەزار دەنگ دو كورسی هێناو لیستێكی دیكە بە ۲٥ هەزار دەنگ دو كورسی هێنا، ئەوا كۆتای ژنان سەرەتا لە لیستی دوەم دیاری دەكرێت.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,679,244     ژمارەی میوان 561

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە