ئەڤین: ئەو ژنانەی لەبواری تەکنەلۆژی کاردەکەن، توشی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە

2024/09/15    113 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

شەش ساڵە وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی لەسەر ئاستی عێراق کاردەکات، پێیواییە چەندین ژنی بەتوانا لە بوارەکە هەن، بەڵام بەهۆی ئاستەنگیەکانەوە نەیانتوانیوە تاوەکو ئێستا تواناکانیان بەدەربەخەن، دەشڵێت: من سەرکەوتم، چونکە گوێم بە قسەی خەڵک نەدا.

ئەڤین محەمەد، 31 ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری میکانیک و بەڕێوەبەری کۆمپانیای تەکنەلۆژی کلیک عێراقە.

ئەو، چیرۆکی سەرکەوتنی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: سەرەتا بەر لە ٨ ساڵ وەک کارمەند لە کۆمپانیاکە وەرگیرام، بەڵام دوای ٢ ساڵ و بینینی تواناکانم لەکاتی هەڵبژاردان بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەری نوێ هاوکارانم بڕیاریان دا و پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای تەکنەلۆژی کلیکیان بە من سپارد، واتا شەش ساڵە بەڕێوەبەرم. 

کۆمپانیای کلیک عێراق لە بواری دیجیتاڵ تەکنەلۆژی دا کاردەکات، دروستکردنی وێبسایت، ئەپڵیکەیشن، سیستەم، کردنی بازاڕگەری (مارکێتینگ) بە ئەلیکترۆنی و لە دەرەوەش وەک ریکلامەکانی سەر شەقام، تیڤی و بیڵ بۆرد لە کوردستان و لە عێراق بەشێک لەکارەکانی کۆمپانیاکەن.

ئەڤین محەمەد

هیچ داتایه‌كى ورد له‌باره‌ى رێژه‌ و ژماره‌ى به‌شداریی ژنان له‌ بوارى ته‌كنۆلۆژیادا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام رێژه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش لاوازه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى ده‌زگاى دیلیۆت گلِۆباڵ (Deloitte Global)، ته‌نها ٢٣%ـى ئه‌وانه‌ى له‌ بوارى ته‌كنۆلۆ‌ژیادا له‌سه‌ر ئاستى جیهان كارده‌كه‌ن، له‌ ره‌گه‌زی مێن.

ئەڤین پێیوایە هۆکاری کەمی ژنان لەم بوارە پەیوەندیدارە بەوەی ژنان کاتێک لەبواری تەکنەلۆژی کاردەکەن، توشی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.

وتی: کارکردن لە بواری تەکنەلۆژی بۆ ئێمەی ژنان زۆر قورسە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەوانەی لەم بوارە کاردەکەن پیاون و بوارەکە لەلایەن ئەوانەوە قۆرغکراوە، هەر لەبەر ئەوە من شانازی بەخۆم دەکەم کە توانیومە لەم بوارە کاربکەم و سەرکەوتنی تێدا بەدەستبهێنم.

لەتەمەنێکی کەمەوە دەستی بەکارکردن کردوە، جگە لەم کارەی چەندین کاری دیکەی لە چەندین شوێنی دیکە کردوە، وەکخۆی وتی: لەتەمەنێکی زۆر کەمە کاردەکەم، ئەوەی سەرنجمداوە ئەوەیە، ئەوەندەی بەهۆی ژنبونمەوە رەخنەم لێدەگیرێت، بەهۆی کارەکەمەوە رەخنەم لێناگیرێت.

زیاتر وتی: خەڵکی هێشتا بەچاوی کەم سەیری تواناکانی ژنان و کارکردنیان دەکەن، بەڵام من هیچکات گوێم بە رەخنە و ئاستەنگیەکان نەداوە، هەروەک پێموایە بۆ گۆڕینی دیدگای خەڵکی بەرامبەرمان پێویستمان بەوەیە خۆمان بسەلمێنین لە هەمو بوارەکان.

دەیەوێت بەشێکی زۆری کارمەندانی کۆمپانیاکە بکات بە کچ، ئەوەش بەهۆی بڕوابونی بە توانای کچان، بەڵام کەمی هەبونی کچانی کارکەر لەبوارەکە وایکردوە، نەتوانێت بەم کارە هەستێت.

وتی: لە ئێستا دا زۆرینەی کارمەندەکانی کۆمپانیاکە رەگەزی نێرن، چونکە کچان لەبواری تەکنەلۆژی بەکەمی کاردەکەن، بەوهۆیەش ناتوانین بە بەئاسانی کچمان دەستبکەوێت، لەگەڵ ئەوەش بەشێکی زۆر لە کچی زیرەک و لێهاتو لە کۆمپانیاکە کاردەکەن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,684,268     ژمارەی میوان 1724

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە