تورکیا؛ تەرمی کیژۆڵەیەکی کورد دوای ١٩ رۆژ لە بێسەروشوێن بونی بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە

2024/09/09    2030 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە تورکیا، تەرمی کیژۆڵەیەکی کوردی تەمەن ٨ ساڵان لەنێو تورەکەیەک دەدۆزرێتەوە، کوشتنەکەی دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو وڵاتەکە دروستکردوە و لەبارەیەوە وەزیری دادی وڵاتەکە دەڵێت: لەسەر دۆسیەکە ٢٤ گومانلێکراو دەستگیرکراون. 

لە تورکیا؛ دوای ١٩ رۆژ لە بێسەروشوێن بونی، تەرمى کچێکی کوردی تەمەن ٨ ساڵان بەناوی (نارین گۆرانی) لە دوری کیلۆمەتر و نیوێک لە ماڵەکەیان و لەنێو تورەکەیەک دا لە قه‌راغى ئاوێک دا دۆزرایەوە.

روداوەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو وڵاتەکە دروستکردوە، لەبارەیەوە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: بە وردیی و وریاییەکی زۆرەوە لێکۆڵینەوە لە دۆسییە دەکەین ئەو کەسانەی کۆتاییان بە ژیانی هێناوە لە سزاکەیان رزگاریان نابێت.

دەشڵێت: تاوەکو ئێستا ٢٤ گومانلێکراو لەسەر کوشتنی نارین دەستگیرکراون کە دوانیان دایک و باوکی نارین ـن.

هەر لەبارەی روداوەکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا، لە پەیامێک دا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیویەتی: ئەوانەی نارینیان کوشت سزاکەی وەردەگرن، بۆ ئەو مەبەستە خودی خۆم بەدواداچون بۆ قۆناغی یاسایی کەیسەکە دەکەم.

نارین، کچێکی کوردی دانیشتوی شاری ئامەد بو، رۆژی (٢١ـی ئاب) دوای گەڕانەوەی لە کۆرسی قورئان خوێندن بێسەروشوێن ببو.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,238     ژمارەی میوان 1606

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە