چیرۆکی کچە وێنەگرە کورتەباڵاکە

2024/08/08    346 جار بینراوە


* نەوژین، لەیس حسێن

سەرباری ئەوەی چەندین ئاڵەنگاری هاتونەتە پێشی، بەڵام نیسان کۆڵینەداوە و بەردەوام بوە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەونەکەی کە بون بە وێنەگرە، ئێستا کە بە خەونەکەی گەیشتوە، دەڵێت: بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان، دەبێت کورتەباڵایان گرنگی بەو شتانە نەدەن کە خەڵک دەربارەیان دەیڵێن.

نیسان میرزا، ٢٤ ساڵ، کچێکی ئێزیدی خەڵکی شەنگالە، بەڵام بەهۆی ئاوەرەبونیانەوە لە ئێستادا لە کەمپی کەبەرتو لە سنوری پارێزگای دهۆک دەژی. 

ئەو سەرباری ئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەتە و کورتە باڵایە، بەڵام ئەوە نەبوە بە رێگر لەوەی کاربکات وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی، بەر لە حەوت ساڵ وەکو خولیایەک دەستی بەکاری فۆتۆگرافی کردوە و لە ئێستا دا خاوەنی نوسینگەیەکی وێنەگرتنی ئاهەنگ و بۆنەکانە.

لە سەرەتای گەشتەکەی دا روبەڕوی گاڵتەجاڕی و ئاڵەنگاری زۆر بوەتەوە، بەڵام هیچ یەک لەوانە نەیانتوانیوە نیسان لە گەیشتن بە خەونەکەی بێ ئومێد بکەن. 

وەکخۆی دەڵێت: سەرەتا کە دەستم بەکار کرد، خەڵکی بەگشتی گاڵتەیان پێدەکردم و پێم دەکەنین، بەڵام من گرنگیم بەوە نەدا، چونکە دەمویست بە هەر نرخێک بێت خەونەکەم بەدیبهێنم، وەک هەمو کەسێک رۆژانە دەچومە دەرەوە و کارم دەکرد، هێندە هەوڵم دا تاوەکو خەونەکەم بەدیهات و بوم بە خاوەن نوسینگەی تایبەت بە خۆم بۆ کاری وێنەگرتن.

ئەو لە ئێستا دا جگە لە کارکردنی لە نوسینگەکەی، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش کاردەکات، هاوکات دەستی بە خوێندن کردوەتەوە و لە قۆناغی ناوەندیی دایە. 

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر شەنگال لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤، هاوشێوەی هەزاران خێزانی دیکە نیسان و خانەوەداکەیشی ئاوارە بون و لەوکاتەوە لە کەمپی کەبەرتو لە پارێزگای دهۆک دەژین.

ئەو دەڵێت: کاتێک لە ماڵەوە دەچمە دەرەوە، وێنەی ئەو کەسانە دەگرم کە لە ناو کەمپەکەن، بەتایبەتی مناڵان، هەست بە ئاسودەیی دەرونی دەکەم کاتێک کەسانێک دەبینم کە من دەناسن و خۆشیان دەوێم، پاڵنەرێکی ئەخلاقیم پێدەبەخشن بۆ بەردەوامبون لە کارکردن.

لەڕێگەی نەوژینەوە، پەیامێکی ئیلهامبەخش دەنێرێت بۆ هەمو ئەو کەسانەی بەهۆی کورتە باڵاییەوە روبەڕوی تانەوتەشەر دەبنەوە، دەڵێت: گرنگی بەو شتانە مەدەن کە خەڵکی دەیانڵێن، کار بکەن و خولیا و کارە دڵخوازەکانتان بەجێ بێنن، ئەو خولقێنەرەی ئەوانی دروستکردوە، ئێمەشی دروستکردوە!



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,673,389     ژمارەی میوان 745

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە