* نەوژین، لاڤین قادر
لە پەراوێزی هەفتەیادی رەگەزە جیاوازەکان لە هۆڵەندا، پێشانگایەکی فۆتۆ ستۆری تایبەت بە توندوتیژی رەگەزیی و توندوتیژی دژی ژنان و جیاکاری رەگەزیی، لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا بەڕێوەچو.
لە پێشانگاکە دا زیاتر لە ۳٠ فۆتۆستۆری لە ۳٠ وڵاتی جیاواز تایبەت بە جیاکاریی رەگەزیی و توندوتیژی دژی ژنان نمایشکران، یەکێک لەوانە؛ فۆتۆ ستۆری توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بو.
فۆتۆ ستۆریەکە پێکهاتبو لە کۆمەڵێک وێنەی ژنانی کوردی دانیشتوی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا باسیان لە توندوتیژی و چەوساندنەوە و ئازاری رەگەزیی خۆیان دەکرد.
بیرۆکە و فۆتۆستۆریەکە هی فۆتۆگرافەری کورد: کاروان کەریم بو، فۆتۆکان لەپاڵ وێنە و فۆتۆستۆری وڵاتانی دیکەی جیهان کە تێیاندا توندوتیژی رەگەزیی و دژی ژنان تێیاندا بەرزە، نمایشکرابو.
لەکاپشنی فۆتۆستۆریەکەدا نوسراوە: فۆتۆستۆری (WOMEN IN PAIN) زنجیرەیەک پۆرترێتە کە نوێنەرایەتی ژنانی کوردستانی عێراق دەکات و لە هەمان کاتدا روخساری خۆیان نیشان نادەن، ئەمەش وەک بەڵگەیەک کە ئەوان ترسیان هەیە لەژێر ناوی تاوانەکانی شەرەف و ئابڕو، روبەڕوی توندوتیژی خێزانی و رەگەزیی ببنەوە لەنێو کۆمەڵگاکەیاندا.