چاوان، خانمە هەنگەوانەکەی کفری

2024/07/22    1015 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

لەنێو کۆلێژی تەکنیکی کفری هەنگەڵانێکی دروستکردوە و بەم دواییە بەرهەمەکەی خستوەتە بازاڕەوە، دەڵێت: هەستێکی زۆر خۆشە کاتێک بەرهەمی کاری خۆت لەنێو بازاڕ دا دەبینیتەوە، هەروەک پلانی گەورەکردنی کارەکەم هەیە.

چاوان ئەحمەد، دەرچوی بەشی سامانی ئاژەڵی کۆلێژی تەکنیکی کفری و دانیشتوی هەمان قەزایە، ماوەی ساڵێکە هەنگەڵانێکی دروستکردوە و بەرهەمەکەی دەخاتە بازاڕەوە.

لەبارەی چیرۆکی سەرەتای دەستپێکردنی بەم کارە چاوان بە نەوژینی وت: مانگی نیسانی ساڵی رابردو ئەوکاتەی فێرخوازی قۆناغی چوار بوم، رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی پێیان راگەیاندین هەرکەسێکمان پڕۆژەیەک یان بیرۆکەیەکی کارکردنمان هەبێت، ئەوان یارمەتی ماددیمان دەدەن بۆ جێبەجێکردنی، منیش ئەوەم بە هەل زانی و بیرۆکەکەم پێشکەشکردن و پێم راگەیاندن من دەتوانم هەنگەڵانێک هەر لەنێو بینای کۆلێژەکەمان دروستبکەم و دواتر بەرهەمەکە بخەمە بازاڕەوە.

بیرۆکەکەی چاوان بیرۆکەیەکی ئاسایی نەبو، تەنانەت بەلای هاوڕێکانی خۆیشیەوە، وەک خۆی بۆی گێڕاینەوە: سەرەتا کە بیرۆکەکەم پێشکەشکرد، هەموان بڕوایان وابو ناتوانم ئەو کارە ئەنجامبدەم، تەنانەت هاوڕێکانم پێیان وتم “تۆ ناتوانیت سەرکەوتوبیت لەو کارە، چونکە قورسە و لەهەمان کات کارێکی پیاوانەیە“.

ئەو، ئێستا خاوەنی ٤ سندوق هەنگ و ١٩ شانەیە، هەنگەکانی خۆماڵین و وەکخۆی دەڵێت: هیچ شەکرێک بە هەنگەکانم نادەم، ئەوەش لەپێناو ئەوەی سودەکەی بمێنێت، چونکە پێدانی شەکر بە هەنگ سودە تەندروستیەکانی هەنگوینەکەی ناهێڵێت.

دیمەنی چاوان لەنێو هەنگەڵانەکەی، کاتێک خەریکی بەخێوکردنی هەنگەکانیەتی

لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بۆیەکەمجار چاوان وەک یەکەم خانمی قەزاکە بەرهەمی هەنگوینی هەنگەڵانەکەی خستەبازاڕەوە، لەبارەیەوە بە نەوژینی وت: هەستێکی زۆر خۆشە کاتێک بەرهەمی کاری خۆت دەخەیتە بازاڕەوە، لەو هەستە خۆشتریش ئەوە بو کاتێک خەڵک لەدوای بەکارهێنانی بەرهەمەکە پێیان وتم زۆر لێی رازین.

پێیوایە گرنگە خانمان خاوەنکاری خۆیان بن، بەتایبەت لەو بوارەی کە بڕوانامەیان لێی بەدەستهێناوە. وتی: کارکردنی خانمان گرنگە، بۆ پەیداکردنی بژێوی بێت یان فێربون و حەزوخولیا.

ساڵانە لە کۆلێژی کشتوکاڵی کفری، چەندین کچە فێرخواز بڕوانامەی بەشە کشتوکاڵیەکان بەدەستدەهێنن. چاوان دەڵێت: ئێمە وەک دەرچوانی بەشی کشتوکاڵ هەمومان حەزدەکەین لە بوارەکەی خۆمان کاربکەین، بەڵام هەلیکارکردن لە بەشی کشتوکاڵ بۆ کچان زۆر کەمە و زیاتر هەلیکارکردنەکان بۆ کوڕانن.

زیاتر وتی: لەگەڵ ئەوەی هەلیکارکردن کەمە، بەڵام کچان دەتوانن پڕۆژەی بچوکی تایبەت بە خۆیان بنیادبنێن و کاربکەن، گەر لەنێو ماڵەکانی خۆشیان بێت.

پاڵپشتی سەرەکی چاوان هاوسەرەکەیەتی، هەروەک پلانی گەورەکردنی هەنگەڵانەکەی هەیە. وتی: لەهەموان زیاتر هاوسەرەکەم و دواتر براکانم هاوکار و پاڵپشتمن، بۆ داهاتو پلانی گەورەکردنی هەنگەڵانەکەم هەیە و دەمەوێت ساڵانە رێژەیەکی زۆر هەنگوین بەرهەم بهێنم.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,759,976     ژمارەی میوان 1422

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە