حوریە: سەرجەم کارمەندانی خواردنگەکەم کچن

2024/07/02    469 جار بینراوە


* نەوژین، دێژین سدقی

لەنێو قەزای زاخۆ خواردنەگەیەکی کردوەتەوە و سەرجەم ستافەکەی کچن، دەڵێت: ئامانجمە کارکردنی کچان لەناوچەکە ئاسایی بکەمەوە.

حوریە مەرعی، تەمەن ٤۳ ساڵ، دانیشتوی قەزای زاخۆیە، خواردنگەیەکی لە ناوچەکەی کردوەتەوە و سەرجەم ستافەکەی کردوە بە کچ.

دەڵێت: خواردنگەکەم خواردنگەیەکی کلتوری و خێزانییە، لەنێو زاخۆ ناوبانگی هەیە بە پاکوخاوێنی، سەرجەم کارمەندەکانی خواردنەگەکەم کردوە بە کچ تاوەکو ئەو خێزانانەی سەردانمان دەکەن زیاتر ئاسودە بن.

خواردنگەکە یەکەم خواردنگەی ناوچەکەیە کە سەرجەم کارەکانی لەلایەن کچانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەبارەیەوە حوریە دەڵێت: ویستم کارکردنی کچان لەناوچەکە ئاسایی بکەمەوە و هەلیکار بۆ کچەکان بڕەخسێنم بۆیە بۆ هەمو بەشەکانی خواردنەگەکەم داوای کارمەندی کچم کرد.

دیمەنی نێو خواردنگەکەی حوریە

خواردنەگەکەی حوریە، بەناوی (خان)ـە و تایبەتە بە دروستکردنی نانی بەیانی، پاچە، قەلی و نانی کوردەواری.

وەکخۆی ئاماژەیپێکرد: بەهۆیەوە روبەڕوی ئاڵەنگاری زۆر بومەوە، بەڵام توانیم بەسەر سەرجەم ئاڵەنگاریەکان دا زاڵبم، هەروەک پڕۆژەی دیکە و کاری گەورەترم دەبێت لەداهاتو دا.

وایدەبینێت لەڕوی توانای کارکردنەوە ژنانیش هاوشێوەی پیاوانن.

وتی: ژنانیش هاوشێوەی پیاوان دەتوانن سەرکەوتوبن لە ئەنجامدانی کاری دەرەوە، وەکخۆم کچەکانیشم هێناوەتە دەرەوە تاوەکو کاربکەن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی هانی دایکانی دیکە بدەم تاوەکو رێگە بە کچەکانیان بدەن لەدەرەوە کاربکەن، چونکە توانای کچان بۆ کارکردن هیچی کەمتر نییە لەتوانای پیاوان.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,650,322     ژمارەی میوان 463

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە