* نەوژین
ئاسایشی هەولێر، ئاشکرایدەکات، ئەو گروپەیان دەستگیرکردوە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تایبەتیان لە سەدان کچ و کوڕ کردوە، هەروەک تۆمەتبارن بە هۆکاری خۆکوشتنی چەندین کچ.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت: سەردەستەی گروپە مەترسیدارەکەی گۆڤەند (CTS)ـمان لە دەرەوەی وڵات هێناوەتەوە بۆ نێو کوردستان و لەگەڵ باندەکەی دەستگیریمان کردون.
دەستگیرکردنەکە بە هاوکاری پۆلیسی ئینتەرپول بوە، گۆڤەندی سەرۆکی گروپەکە و پێنج کەسی دیکەی ئەندامی گروپی (CTS) دەستگیرکراون، کە بەشێکیان لە نێو هەولێر بون و بەشیکی دیکەشیان لە دەرەوەی وڵات دەستگیراون.
"گۆڤەند" ناوی خوازراوی ئەوگەنجەیە کە سەردەستەی گروپەکە بوە، ناوە راستییەکەی (ئ. ف. ت)ـە و ساڵی ١٩٩٣ لە پارێزگای هەولێر لەدایکبوە و لە وڵاتی تورکیا ژیاوە.
گروپەکە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ١٥٠ تاوانی ئەلیکترۆنی، هەروەک هۆکاری خۆکوشتنی چەندین کچن، کە وەک ئەندامانی گروپەکە لەکاتی ئیفادەدا وتویانە: لەترسی بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانیان، چەندین کچ خۆیان کوشتوە.
گۆڤەند و ئەندامانی گروپەکەی لەماوەی زیاتر لە پێنج ساڵی رابردو دا لەڕێگەی چەند گروپێکی تێلیگرامەوە نزیکەی ٥٠٠ ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی کچان و کوڕانی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردبوەوە، جگە لە هەڕەشەکردن و پارەوەرگرتن لە سەدان کچی دیکە لە ترسی ئابڕوبردن و بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانیان.