* نەوژین
وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان، لەڕێگەی نەوژینەوە ئاشکرایدەکات، رێژەی ناپاکی هاوسەری لە ناوچەکە بەراورد بە ساڵی رابردو کەمیکردوە.
نەقیب: ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان، بە نەوژینی راگەیاند: رێژەی تۆمارکردنی سکاڵا خێزانییەکان بۆ پێنج مانگی ئەمساڵ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بە نزیکەیی هاوشێوەی ساڵی رابردوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکان بخاتەڕو.
ئاشکرایشیکرد: زۆرترین جۆری سکاڵا خێزانییەکان بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەی چەند ساڵی رابردو بریتیە لە: لێدان و جنێو و سوکایەتی.
رونیشیکردەوە: ئەم سکاڵایانە تەنها پەیوەندیدار بە ژنان نیین، بەڵکو خێزانیین و هەردو رەگەز لێرە سکاڵا تۆماردەکەن.
لەبارەی رێژەی ناپاکی هاوسەرانیشەوە، وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان، وتی: ناپاکی هاوسەری بەراورد بە (١٠) ساڵی رابردو، رێژەکەی (٢٥%) زیادیکردوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەکەی کەمیکردوە، بەهەمان شێوە نەیویست ژمارەی حاڵەتەکان بخاتەڕو، ئەوەش بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ کە تێیدا ئاماژەیبەوەکردوە نابێت بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئامارەکانی توندوتیژی بڵاوبکەنەوە.
جەختیشکردەوە: خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هۆکاری سەرەکی ئەم زیادبونەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم مانگی ئازاری ئەمساڵ بڵاویکردەوە، ساڵی رابردو (١٤٥٩٩) کەیسی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.