* نەوژین
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەرێگەی 'نەوژین'ـەوە ئاشکرایدەکات حاڵەتەکانی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر لەنێو ژنان دا بەراورد بە ساڵی رابردو کەمیکردوە.
سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی هەرێم، بە نەوژینی راگەیاند: ئامارەکانی تێوەگلانی ژنانی هەرێم بە بەکارهێنان و بارزگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەمساڵ دا بەراورد بە ساڵی رابردو کەمیکردوە، بەشێوەیەک ئەمساڵ هیچ ژنێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرنەکراوە، تەنها سێ ژنیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەستگیرکراون.
زیاتر وتی: ئەوەش لەکاتێک دا بەدرێژایی ساڵی رابردو نزیکەی (١٥) ژن بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەکە دەستگیرکرابون.
هەفتەی رابردو، ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی "زیندانەکانی" هەرێمی کوردستان رایگەیاند: نزیکەی ٥٠ ژن لەنێو چاکسازییەکاندا هەن کە بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون.
دەستگیرکراوان بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بەپێی ماددەی ٣٢ لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر سزادەدرێن، لە یاساکەدا هاتوە بەکارهێنەر سزای زیندانیکردنی لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بۆ دەبڕدرێتەوە، لەگەڵ غەرامەکردنی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار، ئەگەر سزادراوەکە ئەو بڕە پارەیە نەدات، ئەوا سزاکەی بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
ماددەی هۆشبەر بریتیە لە هەمو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەی کە تایبەتمەندى وریاکەرەوە و ئازارشکێنیان تێدایە و بارى راهاتن دروستدەکەن لە روى جەستەیی و دەرونیەوە.
شێوازی بەکارهێنانەکەی لەڕێی دەرزی و هەڵمژینەوه دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ دەمارەکانی لەش و تێکەڵ بە خوێن دەبێت، بهكارهێنهر لەڕوی تەندروستیەوە توشی لاوازی واتە کەمی کێش دەبێت و حەز و ئارەزوەی خواردنی کەم دەبێتەوە، نیشانەکانی لەسەر جەستە و رێکردن بەدیاردەکەوێت و توانای بەرگەگرتنی نەخۆشی و گرفته تهندروستیهكانی كهمدهبێتهوه و تەندروستی لاواز دەبێت.