* نەوژین
١٥،٠٠٠ کۆپی رێبەرێکی تایبەت بە تازە هاوسەران چاپدەکرێت و رێکخەری پرۆژەکەش دەڵێت: ئامانج لێی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی جیابونەوەی هاوسەرانە.
رێکخراوی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی خانزاد کە پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییەوە. رێبەرێکی بەناوی (راوێژی پێش هاوسەرگیریی) چاپکردوە و بڕیارە رێبەریەکە بەسەر ئەو هاوسەرانە دابەشبکەن کە تازە هاوسەرن و بەشداری خولەکانی سەنتەری راوێژی پێش هاوسەرگیریی لە سلێمانی دا دەکەن.
لەبارەیەوە، فێنک کەمال، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی خانزاد، بە نەوژینی وت: رێبەرەکە پێشتر لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە چاپکرابو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە چاپکردنی وەستا بو و لە سەنتەرەکە نەمابو، ئێمە وەک رێکخراوی خانزاد هەستاوین بە دوبارە چاپکردنەوەی بەهەندێک بەدەستکاریەوە.
رونیکردەوە: ئەو رێژەیەکی کە دوبارە چاپمانکردوەتەوە بریتیە لە (١٥،٠٠٠) کۆپی، لەگەڵ ئەوەش بەراوێژ لەگەڵ ئەو کەسانەی نوسەری رێبەریەکە بون. دەستکاریی هەندێک لە ناوەڕۆکەکەیمان کردوە و نوێمانکردونەتەوە.
ئەو بوارانەی لەنێو رێبەریەکە گرنگیان پێدراوە بریتین لە: یاسا، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و دەرونی، تێیدا بە وردی باس لەو روانە کراوە و هۆشیاریی پێویستی تێدایە.
وەک فێنک کەمال، ئاماژەیپێکرد: ئامانجمان سود گەیاندنە بەو کەسانەی تازە هاوسەرگیریی دەکەن، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی جیابونەوەی هاوسەران.
لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا لە هەرێمی کوردستان، (١٤،٣١٢) پرۆسەی هاوسەرگیریی هەڵوەشاوەتەوە، کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشوتر (٢٠٢٢) زیادیکردوە کە ئەوکات ژمارەی حاڵەتەکان بریتیبو لە (١٣،٩٦٧) حاڵەت.