* نەوژین
لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو ژنە بەخشراوانە کرایەوە، کە بێلانەن و نەخۆشی دەرونیی درێژخایەنیان هەیە.
نەخۆشخانەی دەرونیی (چرا)، ناوی نەخۆشخانە کراوەکەی سلێمانییە و لەمیانەی کردنەوەی دا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایگەیاند: نەخۆشخانەکە وەک یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە ژنانی بەخشراوە و لە ماوەیەکی نزیک دا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش دەیکەینەوە.
رایشیگەیاند: لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (٩٥) ملیۆن دینار تەرخان کرا بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی.
نەخۆشخانەکە توانای گرتنەخۆی ٢٠ نەخۆشی هەیە و تایبەتە بەو ژنانەی کە لە ئێستادا بێلانەن و نەخۆشی دەرونیی درێژخایەنیان هەیە و پێویستیان بە جێگای مانەوە و وەرگرتنی چارەسەری دەرونی هەیە.