رۆژنامەیەکی بەریتانی چیرۆکی ٣ ژنی کورد دوای خۆسوتاندنیان دەگێڕێتەوە

2024/05/17    449 جار بینراوە

 

* نەوژین

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، دەربارەی خۆسوتاندنی ژنان لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بڵاوکردوەتە، تێیدا چیرۆکی سێ ژن دەخاتەڕو کە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە، بەڵام هێشتا لە ژیاندا ماون.

راپۆرتەکە بە چیرۆکی سروە دەستپێدەکات، ئەو کە تەمەن ٢٩ ساڵە و دایکی دو مناڵە، لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکە لەنەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی بوە. لە راپۆرتەکە دا بەمشێوەیە دۆخی سروە رونکراوەتەوە: ٥٣%ـی جەستەی سوتاوە، بەهۆی سوتانەکەیەوە ئازار هەمو جەستەی گرتوەتەوە، دەبێت زۆر ئازاربەخش بێت، بەڵام خەمۆکی لە دەربڕینەکەی دا ئاماژەیە بۆ شتێکی زیاتر.

لەبارەی دۆخیەوە، نیگار مارف، سەرۆکی پەرستارانی نەخۆشخانەکە، قسەی بۆ کردین: زۆرجار ژنان بەمشێوەیەی سروە دێنە ژورەوە، پارچەی جلەکانیان بە جەستەیانەوە لکاوە، بەڵام خێزانەکانیان لە شەرمەزاریا دەڵێن لە روداوێکی چێشتلێنانەوە وایلێهاتوە.

وتیشی: ئێمە هەر زو دەزانین روداوەکە بەوشێوەیە نییە کە خێزانەکانیان دەیڵێن، بەنمونە ئەو کاتەی سروە بە ئەمبولانس گەیشتە نەخۆشخانە، بۆنی نەوتی سپی لێدەهات و برینەکانیشی زۆر قوڵبون، هەروەها سەری پەنجەکانی رەش بوبون، ئەوانە نیشانەن کە ئەمە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی لەناکاوی سۆبەی غازەوە نەبوە، بەڵکو خۆسوتاندن یان سوتاندن بوە بە نەوتی سپی.

وێنەی سروە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ژنان لە عێراق بەرێژەیەکی زۆر روبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، حاڵەتەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ بە رێژەی (١٢٥%) زیادیکردوە و گەیشتوەتە زیاتر لە ٢٢ هەزار حاڵەت.

لە راپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە چەند ئامارێکی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی کراوە، تێیدا رونیکردوەتەوە:  نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو ٤٩٣٥ ژنەی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بە سوتانەوە داخل بە نەخۆشخانەکان کراون، بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ خۆسوتاندن بە نەوتی سپی، لەبەرامبەردا تەنها لەسەدا ١٠ـی ئەو پیاوانەی هێنراونەتە نەخۆشخانەکە بەهۆی زۆری رێژەی سوتانیان گیانیان لەدەستداوە. 

چیرۆکێکی دیکە کە لە راپۆرتەکە دا گێڕدراوەتەوە، چیرۆکی گۆناـی تەمەن ٣٥ ساڵە کە دایکی دو کوڕە، ئەو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردو پەنای بردوەتە بەر خۆسوتاندن. چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە گێڕاوەتەوە: هاوسەرەکەم لەگەڵم زۆرخراپ بو، بۆیە رۆژێک بڕیارم دا خۆم بسوتێنم تاوەکو هەست بەوەبکات کە چەند لەگەڵم خراپ بوە و دواتر لەگەڵم باشببێت، بیرم لە ئازاری سوتانەکە نەکردەوە، بەهۆی ئەو ناخۆشیانەی بینیبوم نەمدەتوانی بە ژیری بیربکەمەوە.

لە درێژەی گێڕانەوەکەی دا دەڵێت: چومە سەربانی ماڵەکەمان و بەنزینم بەسەر قاچەکانم، جلەکانم و هەمو جەستەم دا رشت، پاشان ئاگرم لە جلەکانم بەردا، راستەوخۆ پەشیمانی بە مێشکمدا هات و ویستم خۆم لە زیانە خراپەکان بپارێزم، بە دەستەکانم هەوڵمدا ئاگرەکە بکوژێنمەوە، بەڵام ئەمە تەنها بوە هۆی ئەوەی دەستەکانم زیاتر بسوتێن، باش بو لەوکاتەدا دراوسێیەکم بڵێسەی ئاگرەکەی لە سەربانەوە بینی و رایکردە سەرەوە و کوژاندمیەوە.

زیاتر وتی: دوای چەند مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گەڕامەوە بۆ لای هاوسەرەکەم، بەو هیوایە بوم کە گۆڕابێت لەگەڵم، بەڵام ئەو خراپتر بوبو، بۆیە ئێستا لەڕوی جەستەیی و سۆزداریشەوە من ئازار دەچێژم.

گۆنا لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر

داتاکانی نەخۆشخانەی سلێمانی دەریدەخەن، لەماوەی ١٧ ساڵی رابردودا، تەنها یەک مانگ هەبوە کە هیچ حاڵەتێکی سوتانی رێژە مامناوەند یان بەرزی ژنان تۆمارنەکراوە، ئەویش یەکێک لەمانگەکانی سەرەتای کەرەنتینە بوە.

یەکێکی دیکە لە رزگاربوان کە چیرۆکەکەی گێڕاوەتەوە، بەنازـی ٢٤ ساڵە، ئەو خەڵکی کەرکوکە و باس لەوەدەکات ئەوکاتەی خۆی سوتاندوە دوگیان بوە؛ بەهۆیەوە کۆرپەکەی لەدەستداوە.

گێڕایەوە: بەردەوام هاوسەرەکەم و دایکی قسەی ناشرینیان پێدەکرد، گوایە من کەسێکی لێهاتو نیم و تەنانەت نازانم خواردنێکی باش لێبنێم، بۆ رزگاربون پەنام بردە بەر خوسوتاندن ئەوکات دوگیان بوم و بەهۆیەوە کۆرپەکەم لەدەستدا، هەروەها بەشی زۆری دەرەوەی گوێم لەدەستدا.

زیاتر وتی: سەختترین شت ئەوەیە کە هەست دەکەم ئێستا کەسێکی ئاسایی نیم و هەرگیزیش ئاسایی نابمەوە، قاچ و دەستەکانم هێشتا ئازاریان هەیە، بێگومان ئێستا پەشیمانم، شەرمەزاری بۆ خێزانەکەم هێناوە، بەڵام لەو کاتەدا هەستم نەدەکرد بژاردەیەکی دیکەم هەبێت.

رۆژنامەی تەلەگراف، کە رۆژنامەیەکی دیاری وڵاتی بەریتانیایە، لەمیانی راپۆرتەکە دا هەروەها نوسیویەتی: خۆکوشتن بە خۆسوتاندن لە عێراقدا ئیدارەی کوردیش دەگرێتەوە، زۆرێك لە ژنان ئەو کارە ترسناکە بە تاکە دەربازبون لە توندوتیژیە خێزانیەکان دەبینن.

دەشڵێت: لە زۆر حاڵەت دا ئەم ژنانە لە خێزانێکی توندوتیژ دا گیریان خواردوە، بێ پەنان و هاوکاری ناکرێن، بۆیە پەنا بۆ ئەو کارە ترسناکە دەبەن.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,054     ژمارەی میوان 1544

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە