چیرۆکی کازیوە و کردنەوەی یەکەم کافێ لە ناحیەی خورماڵ

2024/05/04    674 جار بینراوە

 

* نەوژین، هاوژین محەمەد

لەدوای تەواوکردنی زانکۆ و گەڕانەوە بۆ ناحیەکەی "خورماڵ"، کازیوە بڕیاردەدات کافێیەک بکاتەوە، ئەو دەڵێت: کردنەوەی کافێکە لەدوای ئەوە هات کە هەستمکرد هیچ جێگەیەک نییە تاوەکو خەڵکی ناحیەکەم کاتە بەتاڵەکانیانی تێدابەسەربەرن.

کازیوە شاهۆ، دانیشتوی ناحیەی خورماڵە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، دەرچوی بەشی کیمیای زانکۆی سلێمانیە، ماوەی نزیکەی ساڵێکە کافێیەکی لە ناحیەکەی کردوەتەوە.

لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە بە نەوژینی وت: لەدوای تەواوکردنی زانکۆ و گەڕانەوەم بۆ ناحیەکەم، هەستم بەوەکرد هیچ جێگەیەک لە ناحیەکە بونی نییە تاوەکو گەنجان، کچان و ژنان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەردانی بکەن، بۆیە بڕیارم دا من ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕبکەمەوە و کافێیەکم دامەزراند.

کافێیەکەی کازیوە بەناوی (کازێ کافێ)ـیە، تێیدا قاوە، کێک، شیرینی و شەربەت پێشکەش بە میوانانی دەکات. 

ئەو دەڵێت: سەرەتا کە دەستم بەکارکردن کرد و کافێکەم کردەوە، پێشبینیمکرد بەخێرهاتنێکی باش لەکارەکەم نەکرێت، چونکە یەکەم ئەزمونی کردنەوەی کافێ بو لە خورماڵ، بەڵام بەپێچەوانەوە پێشوازیەکەی زۆر باشم لێکرا و خەڵکی ناوچەکە زۆر دڵخۆشن بە کارەکەم. 

دامەزراندنی کافێکە، بە پاڵپشتی دارایی دامەزراوەی (ڤیم پڕۆدەکشن) بوە، وەک خۆی ئاماژەیپێکرد: لەڕێگەی ئۆنلاینەوە فۆرمی پڕۆژەیەکی دامەزراوەی ڤیمم پڕکردەوە، کە تایبەت بە دەستپێشخەری پڕۆژەی بچوک بو لە بواری گەشت و گوزار، دواتر و دوای هەڵسەنگاندن پڕۆژەیەکەیان بەدڵ بو و بڕیاریان دا هاوکاری دارایم بکەن.

لە کافێکەی دا کازیوە هەلیکاری بۆ دو خاتون رەخساندوە، دەشڵێت: پلانی زیاتر بەرەوپێشبردنی کارەکەم هەیە، هەروەک دەمەوێت لەڕێگەی کارەکەمەوە هەلیکار بۆ چەند گەنجێکی دیکە بڕەخسێنم. 

رێنمایی ژنان دەکات کار لەسەر بیرۆکەکانیان بکەن و تواناکانیان بەرەوپێشببەن، دەشڵێت: گەر کچان نەیانەوێت یاخود خێزانەکانیان رێگربن لەوەی لەدەرەوە کاربکەن، چەندین کار هەیە کە دەتوانن لەماڵەوە ئەنجامی بدەن، گرنگ ئەوەیە دانەنیشن بە دیار مۆبایل و بیرۆکەکانیان لەناو نەبەن.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,653,845     ژمارەی میوان 1593

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە