زۆرینەی ژنانی کرێکار لە گەرمیان خۆیان لە سەندیکای کرێکاران تۆمارناکەن

2024/03/27    294 جار بینراوە

 

* نەوژین

ناوەندی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان ئەنجامی راپرسیەک سەبارەت دۆخی ژنانی کرێکاری لە ناوچەکە دەخاتەڕو و تێیدا دەردەکەوێت: (٦٥%)ـیان ناوی خۆیان لە سەندیکای کرێکاران تۆمارنەکردوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ـی ئازار) ناوەندی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان لەمیانی پانێڵێک دا لە کەلار، ئەنجامی راپرسیەکی سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی کرێکاری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان خستەڕو.

لە راپرسیەکەدا ١٥٥ کرێکاری ژن بەشداریانکردبو کە لە کارگە و کۆمپانیا جیاوازەکانی سنورەکە کاردەکەن.

یەکێک لە پرسیارەکان کە لەمیانی راپرسیەکە دا ئاراستەی ژنە کرێکارەکان کرابو، بریتیە لەوەی ئایا ناوی خۆیان لە سەندیکا تۆمارکردوە: لە وەڵام دا (٦٥%)ـیان وەڵامی نەخێریان داوەتەوە.

هاوکات لەوەڵامی پرسیاری ئایا لەکاتی کارکردن و لە شوێنی کاردا روبەڕوی کاری نەشیاو دەبنەوە، (٢%)ـیان دەڵێن زۆر روبەڕو دەبنەوە، (٣%) دەڵێن کەم، (٨%) دەڵێن تاڕادەیەک، (٨٥%) دەڵێن نەخێر و (٢%)ـیش دەڵێن نازانین.

لەوەڵامی ئەوەشی ئایا لەکاتی کارکردن دا روبەڕوی بێڕێزیپێکردن دەبنەوە، (٧%) دەڵێن بە رێژەیەکی زۆر روبەڕوی دەبنەوە، (٩%) دەڵێن کەم، (١٤%) دەڵێن تاڕادەیەک روبەڕو دەبنەوە، (٦٥%) دەڵێن نەخێر و (٢%)ـیش دەڵێن نازانین.

یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان باسکردن لەوە بوە کە ئایا هیچ ئاشناییەکیان بە مافی کرێکاران هەیە، لەوەڵامدا (٥٣%) دەڵێن بەڵێ، (١٦%) دەڵێن نەخێر، (٢٨%) دەڵێن تاڕادەیەک و (٣%)ـیش دەڵێن نازانین.

پرسیارێکی دیکە کە ئاراستەیان کراوە، بریتیە لە؛ چ هۆکارێک وایکردوە کار بکەن، (٤٥% دەڵێن بەهۆی پێوسیتی بژێوی، ١٩% دەڵێن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، ٢%یش بەهۆی بێزاری لەماڵەوە دێنە دەرەوە بۆ کارکردن و ١ـیش لەسەر داواکاری خێزانەکانیان کاردەکەن، هاوکات (٢٠%) وتیانە بەهۆی هەمو ئەو هۆکارانەی کە باسکراوە، کار دەکەن).

هاوکات و وەک ناوەندەکە ئاماژەی پێکردوە لە داهاتو دا لەڕێگەی راپۆرتێکەوە ئەنجامی راپرسیەکە دەخەنە بەردەستی ئیدارەی گەرمیان.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,263     ژمارەی میوان 1311

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە