لەبارەی ئامارەکانی جیابونەوەی هاوسەران لە گەرمیان پارێزەرێک رونکردنەوە دەدات

2024/03/07    541 جار بینراوە

 

* نەوژین

لەبارەی ئامارەکانی جیابونەوەی هاوسەران لە گەرمیان، پارێزەرێک رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ئامارەکە رون نییە، نازانرێت مەبەست لێی بڕیاری کۆتایی دادگایە یان تەنها ئاماری بەرزکردنەوەی داواکانی جیابونەوەیە.

رۆژی  (٤ـی ئادار) ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستان، ئاماری حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی و جیابونەوەی لە هەرێم راگەیاند، بەپێی ئامارەکە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لەساڵی رابردو دا (٢٦١٨) حاڵەتی هاوسەرگیری و مارەبڕین تۆمارکراوە، لەبەرامبەردا (٨٥٣) حاڵەتی تەڵاق و لێکجیابونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە.

لەو بارەیەوە پارێزەر: نەشاد عومەر، بە نەوژینی وت: ئامارەکە رون نییە، ئایا هەر داوایەکی جیابونەوە لەدادگا تۆمارکرابێت لەو ئامارە حساب کراوە یان بە فعلی ئەو ژمارەیە هی ئەو هاوسەرانەن کە جیابونەتەوە؟

وتیشی: ئەگەر ئامارەکە تەنها داوا بەرزکردنەوە بێت، ئەوا رێژەیەکی زۆری ئەو داوایانە هێشتا نەگەشتونەتە کۆتایی و هەندێکیشیان سوڵحیان تێداکراوە.

بەپێی ئەو ئامارەی ئەنجومەنی دادوەریی بێت، لەگەرمیاندا لەبەرامبەر هەر ١٠٠ حاڵەتی هاوسەرگیریی، زیاتر لە ٣٠ حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران هەیە.

هەر لە ئامارەکە دا ئاماژە بەوەکراوە، لە سنوری ئیدارەکە هیچ پیاوێک ژنی دوەمی نەهێناوە.

بەڵام نەشاد عومەر ئاماژەی بەوەکرد: ئەوان ئامارەکەیان لە دادگاکانی کوردستانەوە وەرگرتوە (کەلار، رزگاری، کفری و دەربەندیخان)، لەو دادگایانە رێگەدان بەهێنانی ژنی دوەم نەکراوە، گەرنا ژنی دوەم هێنراوە، بەڵام لە دادگانی خوارو ئەوانەی سەر بە دەسەڵاتی عێراقن گرێبەستی هاوسەرگییرییەکەیان کردوە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,061,640     ژمارەی میوان 4642

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە