لە گەرمیان، هەولێر و دهۆک ئاماری جیابونەوە بەراورد بە ساڵی پێشوتر زیادیکردوە

2024/03/04    526 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم، لەمیانی راپۆرتێک دا ئاشکرایدەکات ئامارەکانی جیابونەوەی هاوسەران لە گەرمیان، هەولێر و دهۆک بەراورد بە ساڵی پێشوتر زیادیکردوە، ئەوەشی خستوەتەڕو ساڵی رابردو، ١٤٥٩٩ کەیسی توندوتیژی خێزانی لە هەرێم تۆمارکراوە.

ئەمڕۆ (٤ـی ئادار) ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتێک دا داتا و ئاماری (دادگای پێداچونه‌وه‌ و دادگاكانی تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی هه‌ولێر - سلێمانی - دهۆك - كه‌ركوك/گه‌رمیان)ـی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردو ١٤٥٩٩ کەیسی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە (١٠٨٣٧) کەیسیان یەکلاکراونەتەوە، لەبەرامبەر دا (٣٧٦٢)ـیان بە کراوەیی ماونەتەوە. 

هاوکات لەبارەی ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابونەوەش، ئاماژەبەوەکراوە: (٥٣٠٨٧) پڕۆسەی مارەبڕین ئەنجامدراوە، لەبەرامبەر دا (١٤٣١٢) حاڵەتی جیابونەوە تۆمارکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (١٧٥٤٣) مارەبڕین و (٥٨٥٧) جیابونەوە، سلێمانی (٢٠٤٢٧) مارەبڕین و (٥٤٣٨) جیابونەوە، گەرمیان (٢٦١٨) مارەبڕین و (٨٥٣) جیابونەوە، دهۆک (١٢٤٩٩) مارەبڕین و (٢١٦٤) جیابونەوە.

هەر لە راپۆرتەکە دا هاتوە، لەهەمو پارێزگاکان ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بەراورد بە ساڵی (٢٠٢٢) کەمیکردوە، لە بەرامبەر دا لە (هەولێر، دهۆک و گەرمیان) ئاماری جیابونەوە بەراورد بە ساڵی پێشوتر زیادیکردوە. 

لەبارەی هۆکارەکانی جیابونەوەی هاوسەرانیشەوە، بە پلەی یەک نەگونجان لەگەڵ یەکتر هۆکارە و دواتریش (جیاوازی تەمەن، نەزۆکی و ناپاکی هاوسەری) هۆکارن. 

هەروەک زۆرینەی ئەو کەسانەی کە پڕۆسەی هاوسەرگیریان هەڵوەشاندوەتەوە تەمەنیان لەنێوان (٢٠ بۆ ٢٤) ساڵ دا بوە.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,061,697     ژمارەی میوان 4654

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە