* نەوژین
دادگای سلێمانی بڕیاری سزای لە سێدارەدان و زیندانی تاهەتایی بەسەر تۆمەتبارانی کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی سەپاند.
ئەمڕۆ (١٨ـی شوبات) لە دادگای سلێمانی دواین دانیشتنی دادگاییکردنی کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی بەڕێوەچو و تێیدا دادوەر سزای لە سێدارەدان و زیندانی تاهەتایی بەسەر تۆمەتبارانی کەیسەکە دا سەپاند.
لە دانیشتنەكەی دادگا دا، تۆمەت ئاراستەی سێ تۆمەتباركرا و دواتر سەرۆكی دادگا بڕیاری دا كە یەكێكیان وەك بكوژ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت و دو تۆمەتبارەكەی دیکەش هەر یەكێكیان بە زیندانی تاهەتایی سزابدرێن.
نەقیب: محەمەد و هاوڕێکانی، شەوی (٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢١)، لەکاتی ئەرک دا لە شاری سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک کە توندوتیژی دژ بە ژنەکەی ئەنجامدابو، لەلایەن داواکراوەکەوە بە چەک هێرشکرایە سەریان و لە ئەنجام دا نەقیب: محەمەد شەهید بو و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بون و هەر ئەوکاتیش بکوژەکان هەڵهاتن.
دواتر و دوای پێنج مانگ لەكوژران و بریندارکردنی ئەو پۆلیسانە، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارانی روداوەکە کە دو کەسن دەستگیرکراون.