رەیان براندی تابلۆی گوڵی سروشتی دادەمەزرێنێت

2024/02/11    433 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

ماوەی شەش مانگه رەیان کە کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، کاری دروستکردنی تابلۆ بە گوڵ دەکات و دەڵێت: سەرەتا لە پەیجێکی بچوکەوە دەستمپێکرد و ئێستا خاوەنی براندی تایبەت بەخۆمم.

رەیان دڵشاد،  ٢٤ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، هاوسەرگیری کردوە و دایکی مناڵێکە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری شارستانی کە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستیهێناوە، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی تابلۆیە بە گوڵ.

رەیان، وەکخۆی بۆ نەوژینی گێڕایەوە، پێشتر لە شوێنانی دیکە وەک کارمەند کاریکردوە، بەڵام ویستی بۆ هەبونی کارێکی سەربەخۆ و جیاواز هۆکاربوە بۆ ئەوەی کارێکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت.

وتی: وەک زۆرینەی کەسانی تر من پێشتر کارمەندی کەسانی دیکەبوم، بەڵام بڕیارم دا کاری تایبەتی خۆمم هەبێت و دەستم کرد بە دروستکردنی تابلۆ، من دەمویست کارێک بکەم جیاواز، دوبارە نەبو و نوێ بێت و لە هەمان کات دا لەگەڵ حەز و خولیای من دا بگونجێت، بۆیە کاری دروستکردنی تابلۆم هەڵبژارد بە گوڵی سروشتی و بڕاندێکم بۆ خۆم دانا و ناوم لێناوە (رەیانە).

وتیشی، کارەکەم نوێیە بۆ کوردستان ئەو کارەی من تەنها لە وڵاتە ئەوروپییەکان هەیە، منیش چونکە حەز و خولیام بۆ ئەو جۆرە تابلۆیانە هەبو، بڕیارم دا دەستبکەم بەم کارە.

ئەو سەرەتا لەڕێگەی پەیجێکەوە دەستی بە نمایشکردنی تابلۆکانی کردوە، کە بینیویەتی خەڵکێکی زۆر حەز بە کارەکەی دەکەن، بڕیاری فرۆشتنی بەرهەمەکانی داوە.

وتی:  سەرەتا کارەکەم زۆر بچوک بو، بۆ خۆم کارم دەرکرد وەک فێرکارییەک، پەیجێکم هەبو و تێیدا کارەکانم بڵاودەکردوە، دواتر بینیم خەڵکی زۆر ئیشەکانیان پێ جوانە و دەست خۆشی زۆرم بۆ دەهاتەوە، بۆیە بڕیارم دا لە پەیجەکەم دا کاری فرۆشتنی تابلۆکانم دەستپێبکەم و ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەو شێوەیە بەردەوامم.

پلانی بەشداریکردنی لە پێشەنگای ساڵانەی بەهار هەیە، کە ساڵانە لە وەرزی بەهار لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

وتی: تاوەکو ئێستا بە نزیکەیی ١٤٥ تابلۆم دروستکردوە، بەڵام هێشتا پێشەنگای تایبەت بە خۆمم نەکردوەتەوە و بەشداری هیچ پێشەنگایەکی هاوبەشیش نەبوم، بۆ  ساڵی داهاتو پلانی بەشداریکردنم لە پێشەنگای بەهار هەیە.

رەیان تابلۆکانی بەشێوازی جیاواز، بە گوڵی سروشتی و بە قەیاسی بچوک و گەورە دروستدەکات.

ئەو بە نەوژینی وت: لە ماڵەکەم ژورێکم تایبەت کردوە بە دروستکردنی تابلۆ، تابلۆکانم بە قەیاسی بچوک و گەورە و بەشێوازی جیاواز و بەپێی داواکاری کڕیارەکانم دروستیاندەکەم.

کارەکەی رەیان بوەتە هۆی دابینکردنی بژێوی بۆی، وەکخۆی وتی: کڕیاری باشم هەیە و کارەکەم بوەتە هۆی دابینکردنی بژێوی ژیانم.

خێزانەکەی پاڵپشت و هاوکاری سەرەکین لەکارەکەی.

وتی: خێرانەکەم بەتایبەت هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشت و هاوکارمن، پێموایە بۆ هەرکەسێک زۆر گرنگە خێزانەکەی پاڵپشتی بن لەکارەکەی، چونکە وات لێدەکەن بەرەوپێش بچێت و کۆڵنەدەیت و بەردەوام بیت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,346     ژمارەی میوان 1346

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە