هیومان رایتس وۆچ: یاساکانی عێراق رێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی دژ بە ژنان دەدەن

2024/02/03    549 جار بینراوە

 

* نەوژین

هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ژنان و مناڵان لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات: یاساکانی وڵاتەکە رێگە بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەدەن، هەروەها هۆشداریش لەبارەی زیادبونی رێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە ناوچەکە دەدات.

رێکخراوی 'هیومان رایتس وۆچ'، راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی دۆخی ژنان و مناڵانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت: یاساکانی سزادانی عێراق رێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان دەدەن، بەشێوەیەک مافی بە پیاوان دەدات لە هاوژینەکانیان بدەن، سزایەکی سوک دیاریکراوە بۆ تاوای کوشتن ئەگەر بە پاساوی (پاککردنەوەی شەرەف) بێت، هەروەها هاوسەرگیرییپێکردنی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی لەگەڵ دەستدرێژییکارەکەی بەپێی یاسا لە وڵاتەکە ئاساییە.

لە راپۆرتەکە دا هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە: ژنان لە عێراق بە یاسا و سیاسەتی دەوڵەت مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین هەنگاو هەیە بۆ چاکسازیی، تەنانەت زۆرکات رێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانیان روبەڕوی ئاستەنگ و رێگریکردن دەبنەوە.

هیومان رایتس وۆچ، هەروەها هۆشداری داوە لەبارەی زیادبونی هاوسەرگیری پێشوەختە و زیانەکانی.

وەک لە راپۆرتەکە دا هاتوە: لەماوەی (٢٠) ساڵی رابردو دا رێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە عێراق بەگشتی رو لە هەڵکشانە، بەپێی توێژینەوەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (٢٥.٥٪)ـی ژنانی عێراق پێش تەمەنی (١٨) ساڵی هاوسەرگیرییان کردوە و (٥.٢٪)ـیان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی نەخوێندەواریی لەنێو کچان و ژنان و دەرکەوتنی ژنانی پێشەنگ کەم دەبێتەوە، هاوکات ئەگەری رودانی توندوتیژیی و دەستدرێژیی بۆسەر ژنان زیاتر دەکات.

هیومان رایتس وۆچ (رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا، رێکخراوەکە لەساڵی ١٩٧٨ دامەزراوە و بارەگای فەرمی لە شاری نیویۆرکە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,061,668     ژمارەی میوان 4651

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە