* نەوژین
چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی دهۆک کە لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، خەڵاتی باشترین چاکسازی لەسەر ئاستی عێراق وەرگرت.
ئەمڕۆ (٣٠ـی کانونی دوەم) لە مەراسیمێک دا، تۆڕی دادپەروەری زیندانیان، کە تاکە تۆڕە لەسەر ئاستی عێراق خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیندانیان و مافەکانیان دەکات، خەڵاتی ساڵانەی ماندێلای بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی دهۆک بەخشی، وەک باشترین چاکسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لەمیانی مەراسیمەکە دا، خەڵاتەکە بە بەڕێوەبەری چاکسازیەکە: هەڵات عەبدولکەریم، سپێردرا و ستافی خەڵاتەکە رایانگەیاند: چاکسازیەکە بەهۆکاری دادپەروەری و پاراستنی مافی زیندانیانی بە باشترین چاکسازی دیاریکراوە..
بە وتەی رێکخراوەکە، خەڵاتی ماندێلا ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەس و دامەزراوەیەی کە خزمەتێکی باش پێشکەش بە گیراوان و راگیراوان دەکات و دەبێتە هۆی بەرەوپێشچون لەبوارەکە.