ژنە رۆژنامەنوسێک وەڵامی سەندیکای رۆژنامەنوسان دەداتەوە و دەڵێت: پێشێلکاریم بەرامبەر کراوە

2024/01/23    321 جار بینراوە

 

* نەوژین

دوێنێ سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، رایگەیاند: ساڵی رابردو پێشلێکاری بەرامبەر بە ژنانی رۆژنامەنوس تۆمارنەکراوە، بەڵام ژنە رۆژنامەنوسێک ئاماژەبەوەدەکات، پێشێلکاری بەرامبەر خۆی و تیمەکەی ئەنجامدراوە، جگە لەوەش بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تەوقیف کراون.

راگەیاندکار و پەیامنێری پێشوی دەزگای میدیایی شارپرێس: هەوراز ئەحمەد، بە نەوژینی راگەیاند: ساڵی رابردو لە پارێزگای هەڵەبجەدا و لەمیانی ئامادەکردنی راپۆرتێکی مەیدانی پێشێلکاری بەرامبەر بە خۆم و تیمەکەم کە تیمی رۆژنامەوانی (شار پرێس) بوین ئەنجامدرا، بەشێوەیەک: دەستبەسەر کەلوپەلەکانمان دا گیرا و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر خۆشمان تەوقیفکراین.

رونیشیکردەوە: روداوەکە بۆ مانگی دوی ساڵی رابردو دەگەڕێتەوە، کاتێک من و دو هاوکاری دیکەم بە نیازی ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی قاچاخ لە سنوری نێوان هەرێم و ئێران، سەردانی تەوێڵەمان کرد، لەلایەن پاسەوانی سنورەوە بەبیانوی وەرنەگرتنی مۆڵەت لە ئاسایشی سنورەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکە هێرشکرایە سەرمان، ئەوەش لەکاتێک دا ئێمە مۆڵەتی ئاسایشمان وەرگرتبو، تەنانەت نوێنەری ئاسایشمان لەگەڵ بو. 

ئاماژەی بەوەشکرد: مەرجی ئازادکردنمان دوای سێ کاتژمێر ئەوە بو کە جارێکی دیکە نەڕۆینەوە بۆ ئەنجامدانی راپۆرتی هاوشێوە.

ئەم قسانەی ئەو ژنە رۆژنامەنوسە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی راپۆرتی ساڵانەی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان کە دوێنێ (٢٢ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٤) بڵاویکردوە و تێیدا رایگەیاند: ساڵی رابردو هیچ پێشێلکاریەک لە سنوری هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ژنانی رۆژنامەنوس تۆمارنەکراوە.

لەوبارەیەوە هەوراز وتی: ناکرێت سەندیکای رۆژنامەنوسان بێ هەواڵ بێت لە پێشێلکاریەک کە بەرامبەر رۆژنامەنوسێکی ژن ئەنجامدراوە، لەکاتێک دا ماڵپەڕێکی جیهانی وەک CPJ باسی لێوەکردوە و بابەتی دەربارەی بڵاوکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوە رویداوە لەکاتێک دا کە من ئەندامی کارای سەندیکاکەم. 

ئەو روداوەی کە هەوراز بەهۆیەوە سێ کاتژمێر تەوقیف کراوە، لە راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنوسان دا بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی پێنەکراوە، تەنانەت لەسەر دەزگاکاش هەژمار نەکراوە، ئەوەش لەکاتێک دا لەکاتی روداوەکە دەزگایی میدیایی (شارپرێس) بابەتێکی ئیدانەکردنی دەربارەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە پێشێلکاری بەرامبەر بە تیمەکەیان ئەنجامدراوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,887     ژمارەی میوان 197

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە