* نەوژین
ژنە توێژەر: هەژان خالید دەڵێت: ژنان لەکاری رۆژنامەوانی دا لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیدارن، باسلەوەشدەکات: ئەوان لەلایەن هاوکارانیانەوە هەراساندەکرێن.
دوێنێ (١٧ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٤) لە مەراسیمێک دا لە هۆڵی هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی، سەنتەری میترۆ بە هاوکاری رێکخراوی پاڵپشتی میدیایی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵانەی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕو.
لەمیانی راپۆرتەکە دا ئاماژەبوەکرابو، لەماوەی ساڵی (٢٠٢٣)ـدا ١٣٤ جار رێگری و جیاکاری، ٣٨ جار زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسان، ٣٧ جار دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا، ٢٧ جار هێرشکردن هەڕەشە و سوکایەتی، ٥ جار دەستگیرکردن بەدەر لە یاسای رۆژنامەنوسان، ٤ جار هێرشی ئەلیکترۆنی، ٢ جار شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی، ٢ جار هەڵکوتانەسەر ماڵی رۆژنامەنوسان، بەرامبەر بە رۆژنامەوانانی هەرێم ئەنجامدراوە.
هاوکات دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان و لەمیانی پانێڵێک دا، هەژان خالید، توێژەر لە سەنتەری میترۆ، ئاماژەی بەوەکرد: ژنان لەکاری رۆژنامەوانی دا لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیدارن، ئەوان هەراسان دەکرێن لەلایەن سیاسیەکان و هاوکارانیان لە دەزگا میدیاییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد: هێشتاش دەزگاکانی راگەیاندن لەتوانای ژنان تێنەگەیشتون و کۆمەڵگەش نەگەیشتوە بەو ئاستەی بەربەست بۆ ژنانی راگەیاندکار دروستنەکات.