سۆزان: لەپێناو خزمەتی زیاتر، لەکاتی خۆم زیاتر دەوام دەکەم

2024/01/20    775 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

سێ ساڵە بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لاوانی سلێمانیە، دەڵێت: یەک لە سەر سێی خولەکانم تایبەت کردوە بۆ کچان و ژنان.

سۆزان عەبدولرەحمان، ٤٣ ساڵ، ماوەی سێ ساڵە پۆستی بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لاوانی سلێمانی بەڕێوەدەبات.

چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: پێش ئەوەی ببمە بەڕێوەبەر، فەرمانبەر بوم لە ناوەندی وەرزش و لاوانی گۆیژە لە بەڕێوبەرایەتی وەرزش و لاوانی سلێمانی، لەپاش هەڵسەنگاندنێک هەڵبژێردرام بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاری.

ماوەی سێ ساڵە بەڕێوەبەرە، وەکخۆی دەڵێت: زۆرکات بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵک لە دەوامی خۆم زیاتر کاردەکەم، تاوەکو خزمەتی زیاتر بکەم.

بەڕێوەبەرایەتی لاوانی سلێمانی پێکدێت لە ١١ ناوەندی سەر سنوری پارێزگاکە، (٥) ناوەندیان لەنێو پارێزگاکەدان لەو پێنج ناوەندە سێیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەو کارانەی سۆزان بەرپرسە لێیان بریتین لە: سەرپەرشتیکردنی کاروبارەکانی ناوەندەکە و برەودان بە توانا و بەهرەکانی لاوانی سنوری ناوچەکە و کردنەوەی خولی جۆراوجۆر بە بێبەرامبەر بۆ لاوانی سنورەکه، سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکان، هاوکاری کردنی ئەو لاوانەی کە دەخوێنن تاوەکو هاوکارییان بکەین و بەهرە و تواناکانیان دەربخەین.

جگە لەیارمەتیدانی لاوان بەگشتی، سۆزان لەڕێگەی پۆستەکەیەوە هاوکاری پێشکەش بە کچان و ژنانیش دەکات.

وتی: چالاکییەکانم سنوردار نیین، بۆیە هەوڵدەدەم زیاتر هاوکاری پێشکەشی کچان و ژنانی سنورەکە بکەم، بەشێوەیەک خولی فێرکاری بۆ ئەو کچ و ژنانە دەکەمەوە کەوا بێکارن، بۆ ئەوەی بەهرەیەک فێرببن و لەڕێگەیەوە ببنە خاوەنکاری خۆیان یان لە شوێنێک کاریان دەستبکەوێت، جگە لەوەش لەرێگەی چالاکوانانەوە سیمیناری هۆشیارکردنەوە پێشکەش دەکەین.

وتیشی: لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەوە بڕە پارەیەک بۆ خولەکان دابیندەکرێت، بەڵام من بەردەوام جگە لەو بڕە، پارەی خۆشم لەپێناو خولەکان خەرج دەکەم.

خولەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەزۆری بریتین لە: تۆپی پێ، تۆپی بالە، مەلەوانی، فێربونی زمانی ئینگلیزی، سەرتاشی، میوزیک، راگەیاندن، درومان و ئارایشتگا.

سۆزان، وتی: دەتوانم بڵێم یەک لە سەر سێی خولەکانم تایبەت کردوە بۆ کچان و ژنان تاوەکو سودمەندبن لێی.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,363     ژمارەی میوان 1360

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە