* نەوژین، پەرژین کامەران
کچە رۆژنامەنوسێکی کورد وەک یەکەم رۆژنامەنوسی عێراقی لە مێژودا، بەشداری لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا دەکات و تێیدا دەبێتە براوەی (فیلەوشیپ)ـی هاوبەشی میدیای تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.
ئاهەنگ حەبیب، کچە رۆژنامەنوس و لێپرسراوی بەشی گەشەپێدانی دامەزراوەی میدیای (کەرکوک ناو) وەک نوێنەرایەتی دامەزراوەکەی لە کۆنفرانسی لوتکەی جیهانی نەتەوە یەکگرتوەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا کە لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچو بەشدار بو.
لەبارەی بەشداریکردنیەوە، ئاهەنگ بە نەوژینی وت: بەرنامەکە ساڵانەیە و لە هەمو وڵاتانی جیهانەوە رۆژنامەنوسان داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ بەشداریکردن و دواتر لەلایەن لیژنەیەکی دادوەرییەوە سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتن دەکرێت، بەئەنجامدانی تاقیکردنەوە و تێپەڕین بە فلتەری لیژنەی دادوەری دا بۆ زانینی باگراوەندی زانیارییەکانت لەسەر ژینگە.
ئاهەنگ، دەبێتە یەکەم رۆژنامەنوسی عێراقی لە مێژو دا بەشداری ئەم بەرنامەیەی کردبێت، ئەو هەروەها لە کۆی (٢٠) رۆژنامەنوسی وەرگیراو لە وڵاتانی جیهانەوە یەکێک لە بەشداربوە براوەکان بو.
لەبارەی ئەرکی رۆژنامەنوسانی براوە لە کۆنفرانسی لوتکەی جیهانی کەشوهەوا، ئاهەنگ وتی: لە ئێستا دا روماڵکردنی کۆنفرانسەکەیە، لەڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستێک بە تۆ و دامەزراوەکەت کە دەبێت روماڵی لوتکە بکەیت و دامەزراوەکەت بڵاوی بکاتەوە.
وتیشی: جگە لەوە بۆ هەمیشە دەبیتە ئەندامی ئەو تۆڕەی کە بەرنامەکە هەیەتی، لەگەڵ تۆڕی رۆژنامەنوسانی زەوی.
ئاهەنگ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسی لوتکەی جیهانی نەتەوە یەکگرتوەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا
(کەرکوک ناو) دەزگایەکی تایبەت بە روماڵی ناوچە جێناکۆکەکانی عێراقە و یەکێکە لەو دەزگا میدیاییانەی سیاسەتی یەکسانی رەگەزیی پەیڕەودەکەن، تیمە ئیداریەکانی دەزگاکە لەکۆی سێ بەڕێوەبەر دوانیان ژنن.
وەک ئاهەنگ باسی لێوەکرد: لە پاڵپشتی و پێدانی دەرفەتدا لە (کەرکوک ناو)، هەمیشە ژن لەپێشەوەیە، ئەوان یارمەتیدەر و پاڵپشتی گەورەی منن لە هەر هەنگاوێکم دا.
وتیشی: زۆر گرنگە دامەزراوەکان سیاسەتی یەکسانی رەگەزی پەیڕەو بکەن، چونکە وانەبێت بەئاسانی مافی ژنانی رۆژنامەنوس دەخورێت و ناتوانن بچنە پێشەوە.