جارێکیتر دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی دواخرا

2023/11/29    281 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب: محەمەد و بریندارکردنی هاوڕێکانی بەڕێوەچو و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندتیژی سلێمانیش دەڵێت: دانیشتنەکە بە هۆکارێک دواخرا بۆ مانگی داهاتو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٩ـی تشرینی دوەم)، دوەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب: محەمەد لەتیف و برینداربونی هاوڕێکانی بەڕێوەچو.

لەبارەی دادگاییەکەوە، راز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی سلێمانی، بە نەوژینی وت: دادگاییەکە بەشێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەچو، بەڵام بەهۆی ناساغی باوکی نەقیب محەمەد و یەکێک لە بریندارەکان و نەتوانینی ئەوەی قسەیان لێوەربگیرێت، دادوەر بڕیاری دا بە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ رۆژی (١٠ـی مانگی داهاتو).

شەوی (٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢١)، لە شاری سلێمانی داواکراوێک کە توندوتیژی دژ بە ژنەکەی ئەنجامدابو، بە چەک روبەڕوی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوەوە و لە ئەنجام دا نەقیب: محەمەد شەهید بو و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بون و هەر ئەوکاتیش بکوژەکان هەڵهاتن.

دواتر و دوای پێنج مانگ لەكوژران و بریندارکردنی ئەو پۆلیسانە، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارانی روداوەکە کە دو کەسن دەستگیرکراون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,230     ژمارەی میوان 526

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە