لە کەرکوک ٦٧ ژنن کاندیدی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقن

2023/11/21    339 جار بینراوە

 

* نەوژین

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە کەرکوک حزبە کوردیەکان (٦٦) کاندیدیان هەیە و لەو ژمارەیەش (٢٢)ـیان ژنن، بەکۆی گشتیش لە پارێزگاکە ٦٧ ژن کاندیدن و چاویان لە بەدەستهێنانی ئەو (١٦) کورسیەیە کە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە دیارییکراوە.

بڕیارە لەرۆژی (١٨ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە (١٥) پارێزگای عێراق بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە حزبە کوردیەکان بەشێکیان بە هاوپەیمانێتی و بەشێکیان بە لیست بەشدارن، بەشێوەیەک: پارتی و نەوەی نوێ بە لیستی سەربەخۆ بەشدارن، یەکێتی و شیوعی بە هاوپەیمانیەتیەک بەناوی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بەشدارن، هەرچی یەکگرتو و کۆمەڵیشە بە هاوپەیمانیەتیەک بەناوی (هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک)، بەشدارن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کردوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە سنوری پارێزگای کەرکوک (٣٠) کاندیدی هەیە، لەم ژمارەیەش (٩)ـیان ژنن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهەمان شێوە (٣٠) کاندیدی هەیە، لەو ژمارەیەش (١١)ـیان ژنن، یەکگرتو و کۆمەڵیش (٢) کاندیدیان هەیە، لەو ژمارەیەش هیچیان ژن نیین، نەوەی نوێش تەنها (٤) کاندیدی هەیە و (٢)ـیان ژنن.

ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە (٢٧٥) کورسی پێکدێت، دەبێت لایەنی کەم (٧٥) کورسی بۆ ژنان بێت، ئەوەش بەپێی پابەندبون بە دەستوری عێراق، کە دەبێت رێژەی (٢٥%)ـی کورسییەکان بۆ کۆتای ژنان دەستەبەربکرێت.

لە ریزبەندی کاندیدەکانیش دەبێت لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابنرێت.

ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ـی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەدەبرێت، بەپێی یاساکە هیچ پارێزگایەک نابێت کورسییەکانی لە (١٢) کورسی کەمتربێت و هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر کورسییەک زیاتر بو لە (٢٠٠ هەزار) کەس ئەوا کورسییەکانی بۆ زیاد دەکرێت.

(١٥) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کەرکوک دیاریکراوە، لەم ژمارەیەش ژنان چوار کورسیان مسۆگەرە.

بەشێوەیەکی گشتیش و بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لیستی كاندیدی هاوپەیمانی و حزبەكان دا، پێنج هەزار و ٩١٩ كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەن: لەو ژمارەیە هەزار و 663 كاندیدیان ژنن، كە رێژەی زیاتر لە (٢٨%) پێكدەهێنن.

لەو ژمارەیەش (٢٤٥) کاندید لە پارێزگای كەركوكن ٦٧ـیان ژنن و چاویان لە ١٦ كورسی ئەنجومەنە كە چوار كورسییان بۆ كۆتای ژنانە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,060     ژمارەی میوان 370

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە