* نەوژین
لە هەولێر کچێک لە باڵەخانەیەکی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون کەوتەخوارەوە و دەنگۆی گیان لەدەستدانی بڵاوبوەتەوە، بەڵام ئاسایش دەڵێت لەژیاندایە، لەسەر روداوەکەش دو کەس دەستگیرکران کە دەوترێت دەرکەوتوی سۆشیاڵمیدیان.
کاتژمێر (٧:٣٠ خولەکی)ـی بەیانی رۆژی هەینی (١٧ـی تشرینی دوەم)، کچێک لە شوقەکانی ئیسکان تاوەر لە هەولێر کەوتەخوارەوە.
لەبارەی روداوەکە سەرچاوەیەک بە نەوژینی راگەیاند: وردەکاری روداوەکە نازانرێت بەوەی روداوەکە تاوانکاریی بوە یان خۆکوژی.
دوای روداوەکەش راگەیەنرا کە کچەکە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لە ژیاندایە.
لە راگەیەنراوەکەی ئاسایش دا هاتوە: ئەو ژنەی دوێنێ بەیانی لە شوقەکانی ئیسکان لە شاری هەولێر کەوتوەتە خوارەوە باری تەندروستی ناجێگیرە، بەڵام هێشتا دەژی.
دەشڵێت: لەسەر روداوەکە دو تۆمەتبار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، هەروەک زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە.
دەوترێت دو دەستگیرکراوەکە، دو کەسی دەرکەوتوی سۆشیاڵمیدیان، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان هیچی فەرمییان لەمبارەیەوە رانەگەیاندوە.
نەوژین زانیویەتیشی کچەکە بە رەگەز ئێرانیە، بەڵام هێشتا ناو و ناسنامەی ئاشکرا نەبوە.