چنور: دەمەوێت کارەکانم گەڕانەوە بۆ کلتوری رەسەنی کوردی پیشانبدەن

2023/11/08    879 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

ماوەی سێ ساڵە کاری فۆتۆگرافی دەکات، ئەوەی لە فۆتۆگرافەکانی دیکەی جیادەکاتەوە ئەوەیە بە مۆبایل وێنە دەگرێت، وەکخۆیشی دەڵێت: تەنها وێنەی سروشت دەگرم.

چنور محەمەد، دانیشتوی شاری سلێمانی، ماوەی چەند ساڵێکە سەرباری ئەوەی فەرمانبەرە لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی، بەڵام دەستی بە کاری فۆتۆگرافیش کردوە، ئەوەی کارەکەی لە فۆتۆگرافەکانی دیکە جیاکردوەتەوە، ئەوەیە ئەم کارەکانی لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە ئەنجامدەدات.

دەڵێت: فۆتۆگرافی خولیا و حەزی مناڵیم بوە، کارەکەم زۆر خۆشدەوێت و هۆکاری بەردەوام بونیشم هەر ئەو خۆشەویستیەیە کە بۆ کارەکە هەمە.

ئەو ماوەی نزیکەی ٣ ساڵە کارەکانی بڵاودەکاتەوە، ئەو وێنانەی دەیانگرێت هەمویان وێنەی سروشتن، وتی: ماوەیەکی زۆرە کاری وێنەگرتنی سروشت دەکەم، بەڵام لەسەر داوای هاوڕێ و کەسوکارەکەم بەر لە سێ ساڵ بڕیارم دا کارەکانم بڵاوبکەمەوە و بەشداری پێشەنگا بکەم. 

وتیشی: کاری وێنەگرتنی سروشت دەکەم، چونکە دەمەوێت کارەکانم گەڕانەوە بۆ کلتوری رەسەنی کوردی پیشان بدات.

سەرباری ئەوەی کارەکانی بون بەجێی سەرنجی زۆرکەس، بەڵام دەیەوێت لەسەر ئەم شێوازە لە وێنەگرتنی سروشت بەردەوام بێت. 

وتی: پێمخۆشە بەکارکردن لەسەر سروشت بەردەوام بم، گەر لەداهاتوشدا بڕیار بدەم کار بۆ کەسەکان بکەم لە بۆنەکان، ئەوا لەنێو سروشت کارەکە ئەنجامدەدەم، نەوەک لە نێو مۆڵ و شوێنەکانی دیکە.

تاوەکو ئێستا دو پێشەنگای تایبەت بەخۆی کردوەتەوە و جارێکیش بە ١٢ وێنە بەشداری لە فیستیڤاڵی (چڵی نێرگز) کردوە.

وتی: پێشەنگای یەکەمم لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا، نیوە زیاتری وێنەکانم فرۆشران، بەهەمان شێوە پێشەنگای دوەمیشم زۆر بەباشی پێشوازی لێکرا.

زیاتر وتی: من کارەکەم بەچاوی دابینکردنی بژێویەوە سەیرناکەم، بەڵکو تەنها حەز و خولیایەکمە و نامەوێت دەستبەرداری ئەو حەز و خولیایەم ببم.

لە پێشەنگای یەکەمی دا و لەدوای بینینی کارەکانی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پێی راگەیەندرا کەوا کامێرایەکی بۆ دەکاتە دیاری، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وێنەکانی چرۆ زۆر سەرنجی پارێزگاری راکێشا بو. 

چنور وتی: سەرباری ئەوەی پارێزگار کامێرای پێبەخشیوم، بەڵام من هێشتا بە مۆبایلەکەم کاردەکەم، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کامێرا پێویستی بە لێنز هەیە بەتایبەت بۆ وێنەی سروشت پێویستی بە لێنزی بەرز هەیە، بەڵام من نیمە.

چنور، نەوەک تەنها کاری وێنە، بەڵکو شارەزای کاری ڤیدیۆیی و مۆنتاژە و وەکخۆی وتی: زیاتر بەهرەی کاری ڤیدۆیم هەیە و حەزم بەو کارەیە، بەڵام کاری وێنەکانم زیاتر بڵاوبونەتەوە.

چەند نمونەیەک لە کارە فۆتۆگرافییەکانی چنور محەمەد
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,753     ژمارەی میوان 62

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە