بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کچە پەیامنێرێک کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

2023/11/06    512 جار بینراوە

 

* نەوژین

بێرێزیکردنی هاوڵاتیەک بەرامبەر بە کچە پەیامنێرێک لە سلێمانی، کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و فیدراسیۆنی نوسەران و رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەڵێن: گەر بەم شێوەیە بەردەوام بین، لە ئایندەیەکی نزیک دا مەترسی لەبەردەم کاری پیشەیی ژنانی میدیاکار دروستدەبێت.

دوێنێ لەکاتی روماڵی گردبونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم زانکۆی سلێمانی، کچە پەیامنێرێک روبەڕوی کەسێک بوەوە کەخۆی بە مامۆستای زانکۆ ناساند و  لەبری وەڵام دانەوەی پرسیاری پەیامنێرەکە پێی وت: تۆ هاتویتە ئێرە و خۆت جوانکردوە، تاوەکو کەسێک لێرە بتبینێت و شوبکەیت.

لەکاردانەوەی روداوەکە دا فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ "رۆنوس"، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە تێیدا لە بەشێکی دا دەڵێت: وێڕای ئەو پاشەکشە بەرچاوەی لە بواری ئازادی کاری میدیایی و رۆژنامەنوسی دا دەبینرێت، لە ئێستادا بەشێک لە پەیامنێران و میدیاکارەکان بە تایبەت ژنان، کاتێک بەهۆی کارەکەیانەوە بۆ روماڵکردن و گەیاندنی هەواڵ و روداوەکان بە رایگشتی، تێکەڵ بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی توێژە جیاجیاکانی شەقام دەبن، لەبری رێزگرتن لە کار و پیشەکەیان، هەندێکجار لەلایەن کەسانێکەوە روبەڕوی پەلاماردان و سوکایەتی کۆمەڵایەتی دەکرێنەوە.

دەشڵێن: دیاردەی سوکایەتی بە کاری میدیاکاران بەگشتی و ژنانی پەیامنێر بەتایبەتی، جگە لەوەی رو لە هەڵکشان و فراوانبونە، ئەگەر هەموان لە ئاستی دا هەوڵی جددی نەخەینەکار، لە ئایندەیەکی نزیک دا دور نییە وەک مەترسییەکی ترسناک لەبەردەم کاری پیشەیی ژنانی میدیاکار بوەستێت و ببێتە هۆکاری سەرەکی دورکەوتنەوە لە کارەکەیان.

هەر لە کاردانەوەی ئەم روداوە دا خانمە چالاکی ژنان: هانا شوان، دەڵێت: ئێمە لە هەرێمێكداین تاوەکو ئێستاش زۆرینە پێیان وایە كچان كاتێك دەیانەوێت بژێوی ژیان دابین بكەن ئەوا بۆ شو دەگەڕێن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,378,128     ژمارەی میوان 1155

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە