* نەوژین
دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ لە نەخۆشخانە بەبێ هۆشی، ئارمیتا گەڕاوەند ئەو کچە کوردەی بەبیانوی پابەندنەبونی بە حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند کارمەندێکی پۆلیسەوە لێیدرا و بەهۆیەوە بێهۆش بو، گیانی لەدەست دا
ئەمڕۆ (٢٨ـی تشرینی یەکەم)، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، رایگەیاند: ئارمیتا گەڕاوەند، کچە فێرخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، گیانی لەدەستداوە.
رێکخراوی هەنگاو هەروەها رۆژی 1ـی ئەم مانگە لە راگەیەندراوێک دا لەبارەی ئارمیتا، رایگەیاندبو: ئارمیتا لە میترۆی شەهۆدای تاران بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند کارمەندێکی پۆلیسەوە هێرشی کراوەتە سەر و بەتوندی لێی دراوە و بەهۆیەوە بێهۆش بوە.
هەر ئەوکات دەسەڵاتدارانی تاران، رەدیان کردەوە روداوەکە بەوشێوەیە بێت و وتیان: ئارمیتا، خۆی باری تەندروستی تێكچوە، كەوتوە و زەبەر بەر سەری كەتوە، بەو هۆیەش بێهۆش بوە، بەڵام هەر زو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ئێران رەدی قسەکانی دەسەڵاتدارانیان دایەوە و وتیان: “ئارمیتا هاوشێوەی ژینا ئەمینی کوژراوە”.
ئارمیتا، خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بو و لەگەڵ خانەوادەکەی لە تاران دەژیان.