شەمام، تاکە ژنە راهێنەرەکەی گۆڕەپان و مەیدان

2023/10/17    739 جار بینراوە

 

* نەوژین، هۆزان فەریق

ماوەی پێنج ساڵە وەک تاکە ژن لە ئاستی هەرێم راهێنەری گۆڕەپان و مەیدانە، ئەوەش لەکاتێک دایە پێشتریش بۆماوەی (١٣ ساڵ) یاریزان بوە.

شەمام سەمەد، لەساڵی ١٩٨٦ لە خێزانێکی کوردی شاری کەرکوک لەدایکبوە، خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتیە لەبواری راهێنانی گۆڕەپان و مەیدان کە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەدەستیهێناوە.

ئەو لە تەمەنی لاویەوە خولیای وەرزشکردنی هەبوە، وەکخۆی باسی لێوەکرد: من لە تەمەنی ١٩ ساڵی لەڕێگەی مامۆستای وەرزشی خوێندنگەکەمەوە بەشداریم لە یاری خوێندنگەکەکان کردو و لەوکاتەوە دەستم بەیاریکردن کردوە، بۆ چەندین یانە یاریمکردوە و ماوەی پێنج ساڵیش یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بوم.

وتیشی: تاوەکو ساڵی (٢٠١٨) وەکو یاریزان بەردەوامبوم و لەدوای ئەو ساڵە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەی لەبواری راهێنانی گۆڕەپان و مەیدان، روم لە کاری راهێنەری کردوە و ماوەی پێنج ساڵە وەک تاکە ژن کە راهێنەری گۆڕەپان و مەیدانم لە کوردستان بەردەوامم.

شەمام، لەمیانەی یاریکردنی وەک یاریزان کۆمەڵێکی زۆر دەستکەوتی بەدەستهێناوە، خاوەنی هەندێک ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان کە هێشتاش نەشکێندراون.

وتی: من هەمیشە لەو پاڵەوانیەتیانەی کە بەشداریم تێداکردون وەک یاریزان یان یەکەم یان دوەمی پاڵەوانیەتیەکە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بوم، هەروەک خاوەنی ریکۆردی کوردستانم لە یاری (١٠٠م) ئاستی پێشکەوتوان کە لە ساڵی ٢٠١٣ تۆمارمکردوە و هێشتا نەشکێندراوە.

شەمام، هاوکات وەک یاریزان خاوەنی مەدالیای زیو و بڕۆنزی پاڵەوانیەتی عەرەب و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیایە.

لە یەکەم ساڵی راهێنەرایەتی دا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوە، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی کچانی عێراق یارمەتیدەری یاریزانەکان بوە بۆ بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی وەک مەدالیای ئاڵتون، زیو و برۆنز و وەکخۆیشی ئاماژەیپێکرد: زۆرینەی یاریزانەکانم کردوەتە خاوەنی ژمارەی پێوانەی سەر ئاستی عێراق.

ئێستا شەمام هەم پێنج ساڵە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە و هەمیش دو ساڵە راهێنەری یانەی وەرزشی سیروانی نوێیە.

ئەو خانمە راهێنەرە، ئاستی کچە یاریزانە کوردەکان باش هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت: وەک راهێنەرێک پێموایە کچە یاریزانە کوردەکان ئاستێکی زۆر باشیان هەیە، بەڵام کێشەی نەبونی یاریگە و هۆڵ بۆ راهێنان کچانی لە وەرزشەکە ساردکردوەتەوە و هۆکاریشە بۆ کەم هاتنە پێشەوەی کچانی دیکە بۆ وەرزشەکە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,098     ژمارەی میوان 581

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە