سۆلاڤ، یەکەم کچە راهێنەری شۆفێری لە دەربەندیخان

2023/10/16    1522 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

ماوەی ساڵێکە وەک یەکەم کچ لە قەزای دەربەندیخان بوە بە راهێنەری فێربونی شۆفێری، دەڵێت: پلانی کردنەوەی نوسینگەیەکی فێربونی شۆفێری تایبەت بە ژنانم هەیە. 

سۆلاڤ سەرکەوت، ٢٤ ساڵ، خاوەنی بڕوانامەی ئامادەییە و دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە، ماوەی ساڵێکە وەک یەکەم کچ لە قەزاکە بوە بە راهێنەری فێرکردنی شۆفێری.

ئەو، بە نەوژینی وت: فێربونی شۆفێری خەون و خولیای مناڵیم بو، بەڵام بیرۆکەی کارەکەم بۆ هات کاتێک خۆم مۆڵەتی شۆفێریم دەرهێنا، ئەوکات تێبینی ئەوەمکرد بۆشاییەک لە هەبونی راهێنەری ژن لەبوارەکە لە دەربەندیخان دا هەیە، بۆیە بڕیارم دا بەشداری لە خولی بون بە راهێنەر بکەم و لەو رێگەیەوە بڕوانامه‌ی رێگه‌پێدراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆم بۆ وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنا. 

سۆلاڤ، ئێستا لە نوسینگەی (راسان) راهێنەری تیۆری و کرداریشە، وەکخۆی وتی: لەکاتی وتنەوەی وانەی تیۆری لە هەردو رەگەز فێرخوازم هەیە، بەڵام لەکاتی کرداری تەنها راهێنان بە ژنان دەکەم، هۆکارەکەیشی ئەوەیە ژنان زیاتر حەزیان لێیە لەگەڵ راهێنەرێکی ژن بن. 

زیاتر وتی: هەبونی راهێنەری ژن مانای ئەوە نییە راهێنەرانی پیاو کێشە بن بۆ ژنان، بەڵکو تەنها هەندێک کات هەندێک ژن پێیان خۆشە لەگەڵ ژنێک یان کچێک راهێنان بکەن، وەک ئەوەی لەگەڵ پیاوێک بن.

سەرباری ئەوەی یەکەم کچە لە قەزاکە دەستی بۆ کارێکی لەم شێوەیە بردوە، بەڵام لەلایەن خەڵکی ناوچەکە لەبری رەخنە پشتگیری کراوە.

وتی: لەلایەن کۆمەڵگەوە نەک توشی رەخنە نەبوم، بەڵکو پشتگیریەکی تەواویان لێکردوم و بە هەنگاوێکی زۆر باش و گرنگ سەیری کارەکەیان کردوم.

وتیشی: زۆر خۆشحاڵ دەبم، گەر ژنانی دیکەش ببنە راهێنەر تاوەکو پێکەوە کاربکەین.

ئەگەرچی کارەکە زەحمەتی هەیە، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی زۆری بۆ کارەکەی چێژ لە ماندوبونەکەشی دەبینێت، وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: کارەکە زۆر ماندوکەرە، بەتایبەت رۆژی وا هەیە چەندین فێرخوازمان هەیە و دەبێت یارمەتی هەمویان بدەین، بەڵام چونکە کارەکەم خۆشدەوێت، لە ماندویەتیەکەم چێژ وەردەگرم.

سۆلاڤ، پلانی گەورەی بۆ داهاتوی هەیە و دەیەوێت رێچکەشکێنیەکی دیکە بکات.

وتی: پلانی داهاتوم کردنەوەی نوسینگەیەکی فێربونی شۆفێری تایبەت بە ژنان دەبێت لە نێو قەزای دەربەندیخان، تاوەکو زیاتر یارمەتیدەری ژنان بم لە فێربونی شۆفێری.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,421     ژمارەی میوان 642

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە