* نەوژین، بەنان فاروق
سەرباری ئەوەی لە هیچ خوێندنگەیەک نەیخوێندوە، بەڵام لەیلا نوسەری شەش کتێبە و هەمو کتێبەکانیشی لەبواری ئابورین، وەکخۆیشی دەڵێت: پلانی نوسینی کتێبی زیاترم هەیە.
لەیلا محەمەد، ٤١ ساڵ، لە قەزای چەمچەماڵ لەدایک بوە و ئێستا لە ئاکرێ دەژی، سەرباری ئەوەی نەچوەتە خوێندنگە، بەڵام ماوەی شەش ساڵە بوە بە نوسەر و شەش کتێبی نوسیوە.
ئەو چیرۆکی خۆی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: ئەو کاتەی کە تەمەنی چونە خوێندنگەم هەبو ساڵی راپەڕینەکە بو، ئێمە رۆشتینە وڵاتی ئێران و نە من و نە خوشک و براکانم دەرفەتی خوێندنمان بۆ نەڕەخسا، بەڵام دایکم چونکە خوێندەواری هەبو ئێمەی فێری نوسین و خوێندنەوە لەماڵەوە کرد.
کتێبە نوسراوەکانی لەیلا کە ژمارەیان شەش کتێبە، سەرجەمیان لە بواری ئابوریی دان.
وتی: لە تەمەنێکی بچوکەوە حەز و خولیای زۆرم بۆ پرسە ئابورییەکان هەبو، هەر بابەتێک کە دەمبینی یان دەمخوێندەوە دەمنوسی، کە بینیم نوسینەکانم زیادیانکردوە بڕیارم دا نوسراوەکانم بکەم بە کتێب و توانیم لە ماوەی دو ساڵ پێنج کتێب بنوسمەوە.
جگە لە نوسینی خۆی، لەیلا هاوکات وەرگێڕیشە، کتێب لە هەردو زمانی فارسی و ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی.
وتی: تاوەکو ئێستا وەرگێڕانم بۆ چوار کتێب لە زمانی فارسی و ئینگیلزیەوە بۆ کوردی کردوە کە هەرچواریان لە بواری دەرونناسین.
زیاتر وتی: جگە لە زمانی کوردی، سێ زمانی دیکە دەزانم (عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی).
لەیلا، لەکاتی نوسینی کتێبەکانی توش چەند ئاستەنگیەک بوەتەوە، جگە لەوەش وەکخۆی دەڵێت: تاوەکو ئێستا لەڕێگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانم هیچ بڕە پارەیەکم دەستنەکەوتوە.
وتیشی: کێشەی گەورەی من چاپنەکردنی بەرهەمەکانمە، خۆم توانای چاپکردنم نییە بەهۆی خەرجیەکەی، هیچ چاپخانەیەکیش ئامادە نییە بە بڕە پارەیەکی کەم کارەکەم بۆ بکات.
کۆی بەرهەمە نوسراوەکانی لەیلا بریتین لە: کتێبی یەکەم: بازاڕگەری، تێیدا خوێنەر ئاشنا بە بنەماکانی پڕسەی بازاڕگەری دەکات، دوەم: خوێنەر ئاشنا دەکات بە پڕۆسەی به براندکردن و ناساندنی براند به بازاڕ، سێیەم: ریکلامکردن: ناوەڕۆکی ئەم کتێبەیان باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی بەهێز و کاریگەری ریکلامکردن دەکات به میکانیزمه جیاوازەکان، چوارەم: فرۆشتن: باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی بەهێزی فرۆشتن دەکات، پێنجەم: کارسازی، باس لە چەمکه جیاوازەکان دەکات بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی کارسازی و دروستکردنی بزنس و هەلیکار، شەشەم: بازاڕ، ئەم کتێبەیان هێشتا چاپنەکراوه، باسی شێوازه جیاوازەکانی بازاڕ و پڕۆسەکانی دەکات.
پاڵپشت و پشتگیری سەرەکی بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی خێزانەکەین.
وەکخۆی دەڵێت: پاڵپشتی خێزانەکەم و بەتایبەت هاوسەرەکەم نەبوایە نەمدەتوانی بگەم بەم ئاستەی ئێستام.
پلانی داهاتوەی لەیلا نوسینی کتێبی زیاترە لە بواری ئابوری.
وتی: دەمەوێت سەرقاڵی نوسینی کتێبی زیاتری ئابوری ببم، هەروەها دەست بە خوێندن بکەم تاوەکو بڕوانامە بەدەستبهێنم.