شاناز، باخچەی ماڵەکەیانی کردوە بە دوکان و گوڵی تێدا دەفرۆشێت

2023/09/10    1209 جار بینراوە

 

* نەوژین، هاوژین محەمەد

ماوەی سێ ساڵە باخچە بچوکەکەی بەر دەرگای ماڵەکەیانی رازاندوەتەوە و هاوشێوەی دوکانێکی گوڵ فرۆشتنی لێکردوە، دەڵێت: ئەم کارە خەونم بوە و بەدیم هێناوە.

شاناز داود، ٢٧ ساڵ، دانیشتوی گوندی قادراوایی سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە لە ئیدارەی راپەڕین، سەرباری ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە مێژو و یەکێکیش بوە لە سێ یەکەمەکەی بەشەکەی، بەڵام چونکە لەهیچ دامودەزگایەکی حکومی دانەمەزراوە، بڕیاری دامەزراندنی کارێکی سەربەخۆی داوە، کە ئەویش کردنی باخچەی ماڵەکەیانە بە دوکانی گوڵ فرۆشیی.

شاناز، چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: هەرچەندە یەکەمی بەشەکەم بوم، بەڵام چەند ساڵێک لەماڵدا بێکار مابومەوە، بۆیە بڕیارم دا پەرە بە خەونەکەم بدەم کە بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی شێوازی نوێی گوڵ بو، ئێستا دەبێتە سێ ساڵ کەوا باخچەکەی ماڵەکەمانم هاوشێوەی دوکانێکی گوڵفرۆشتن لێکردوە و گوڵ دەفرۆشم. 
 وتیشی: سەرەتا لەماڵەوە گوڵێکی زۆرم هەبو و تەنها گوڵە زیادەکانم دەفرۆشت بە کەسە نزیکەکانم، بۆ ساڵی دوەم (٢٠٠) ئینجانە گوڵ و ئەمساڵیش (٩٠٠) ئینجانە زیاترم بەرهەمهێناوە و دەیانفرۆشم.

هەرچەندە سەرەتا کەسانی دەوروبەری پێیان وتوە سەرکەوتو نابێت بەهۆی بچوکی کارەکەیەوە، بەڵام شاناز کۆڵی نەداوە و بەردەوام بوە لە بەدیهێنانی خەونەکەی.

وتی: سەرەتا هیچ کەس پشتگیرم نەبو، بەڵکو پێیان دەوتم کارەکەت هیچە و خۆت بەکارێکی دیکە سەرقاڵ بکە، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی زۆرم بۆ کارەکەم وازمنەهێنا و بەردەوام بوم، ئێستا ئەو کەسانەی سەرەتا کارەکەمیان بەدڵ نەبو، دێن و گوڵم لێدەکڕن و رێنماییەکانم جێبەجێ دەکەن، تاوەکو گوڵەکانیان خراپ نەبن. 

گوڵەکانی شاناز زیاتر گوڵی ناو ئینجانە و باخچەی ماڵانن، وەک: مەتات، ئەریكا، فوجیر، جلد نەمر و گوێ فیل، وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: خواست لەسەر هەمو گوڵەکان هەیە، بەڵام زیاتر ئەو گوڵانەی زۆردەمێننەوە لەگەڵ ئەو گوڵانەی تایبەت بە ژورەوەن خواستیان لەسەرە.

هاوشانی گوڵفرۆشتن شاناز بەکاری کشتوکاڵیشەوە خەریک دەبێت.

وتی: وەرزەکانی پایز و بەهار، چونکە کاتی بەرهەمهێنانی گوڵە زیاتر کاردەکەم، بەڵام دو وەرزەکەی دیکە زیاتر بەکاری کشتوکاڵی خەریک دەبم تاوەکو یارمەتی خێزانەکەم بدەم لە دابینکردنی بژێوی ژیانیان. 

سەرباری ئەوەی شاناز بەتەنها لەنێو گوندەکەی خۆیان کاردەکات، بەڵام لە شارۆچکە و شارەکانی دیکە بەشێوەی ئۆنلاین داوای گوڵەکانی دەکەن.

وتی: چونکە نرخی گوڵەکانم هەرزانترە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، بۆیە زۆرکات داوای گەیاندنم لێدەکەن بۆ گوند، شارۆچکە و شارەکانی دیکە.

ئەو ئامانجی گەورەی هەیە و دەیەوێت ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی پڕکردنەوەی پێداویستیە ناوخۆییەکان لەبوارەکەی خۆی.

"دەمەوێت لەداهاتو دا مەشتەلێکی گەورە دابمەزرێنم و گەر بەشێکی کەمیش بێت ببمە هۆی ئەوە پێویستی ناوخۆ دابین بکەم، لەبری هاوردەکردنی رێژەیەکی زۆری گوڵ، خۆمان گوڵ دروستبکەین و لەگەڵ ئەوەدا هەلی کار بۆ چەند گەنجێک بڕەخسێنم". شاناز وای وت.

وتیشی: هیچ کارێک ئاسان نییە و دڵنیام توشی بەربەست و رێگری دەبمەوە، بەڵام گرنگە ئێمە بوێر و کۆڵنەدەر بین لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,005     ژمارەی میوان 490

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە