شەهلا، یەکەم ژنە شۆفێری تەکسی لە هەولێر

2023/08/23    880 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

شەهلا، وەک یەکەم ژن لە شاری هەولێر وەک شۆفێری تەکسی ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکار بوە و دەڵێت: پلانم هەیە لە داهاتو دا وێستگەیەکی تایبەت بە تەکسی ژنان بکەمەوە.

شەهلا حەمەد، ٣٩ ساڵ، نیشتەجێی شاری هەولێرە، هاوسەرگیری کردوە و دایکی سێ مناڵە، ئەو وەک یەکەم ژن لە شاری هەولێر هەفتەی رابردو مۆڵەتی شۆفێری تەکسی وەرگرتوە.

ئەو، چیرۆکی خۆی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: بڕیارم دا ببمە شۆفێری تەکسی، چونکە حەزوخولیای من بو، یەکەم ژنم لە شارەکەم کە ئەم کارەدەکەم، بۆیە توشی رەخنەی زۆر بومەوە، بەڵام کۆڵنادەم و بەردەوام دەبم.

شەهلا، جگە لەوەی رێچکەی کاری تەکسی لەلایەن ژنانەوە لە هەولێر شکاند، هاوکات دەبێتە یەکەم کەسیش کەوا بە تەنها شۆفێری بۆ ژنان دەکات و وەکخۆی دەڵێت: بە شەو و بە رۆژ بۆ ناو شار و دەرەوەی شار کاری تەکسی بۆ ژنان دەکەم.

شەهلا لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەتەکەی

لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیشی وتی: بون بە شۆفێری تەکسی بیرۆکەی خۆم بو، بۆیە ئەو کارەم هەڵبژارد چونکە پێموابو پێوستە ژنێک ئەم رێچکەیە بشکێنێت، بۆیە بڕیارم دا ئەو ژنە من بم، ئێستاش زۆر دڵخۆشم کە یەکەم ژنم لە هەولێر کاری شۆفێری تەکسی دەکەم.

شەهلا، ماوەی ١٢ ساڵە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری گشتیە، پێشتریش وەک مامۆستا لە نوسینگەیەکی شۆفێری کاریکردوە.

بەپێی ئامارێکی تایبەتی هاتوچۆی هەرێم بۆ نەوژین دەرکەوتوە: لە هەرێمی کوردستان (٢٤٧ هەزار و ٧٤٣) ژن مۆڵەتی شۆفێریان هەیە.

بون بە شۆفێری تەکسی، واتا هەمیشە مانەوە لەسەر شەقامەکان و گەڕان بە ناوشار دا، بەڵام شەهلا نایەوێت بەو شێوەیە بێت، بەڵکو دەیەوێت کارەکانی بەتەنها لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە رێکبخات. 

وتی: من هاوشێوەی تەکسیەکانی دیکە لەسەر شەقامەکان نابم، بۆ ئەوەی موشتەریم دەستبکەوێت، بەڵکو لەڕێگەی ژمارە مۆبایلەکەمەوە کە لای زۆرێک لە خەڵکی هەیە، پەیوەندیم پێوەدەکەن و منیش دەڕۆمە لایان.

شەهلا بۆ کارەکەی پلانی گەورەی هەیە و دەیەوێت لە داهاتو دا وێستگەیەکی تەکسی تایبەت بە ژنان بکاتەوە.

وتی: نامەوێت تەنها لەم ئاستەدا بمێنمەوە، بەڵکو و پلانم هەیە لە داهاتو دا وێستگەیەکی تایبەت بە تەکسی ژنان بکەمەوە و هەلیکار بۆ چەند ژنێکی دیکەش بڕەخسێنم.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,866     ژمارەی میوان 176

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە