* نەوژین، بەنان فاروق
خوشک و برایەک لە سلێمانی کارگەیەکی دروستکردنی "کەرەی عەلی بابا"ـیان دامهزراندوه و دەڵێن: له بهرنامهماندایه کارگەکە گەورەتر بکەین و هەلی کار بۆ چەندین کەس بڕەخسێنین.
خەندە و ژیار کەمال، خوشک و بران، بۆ یەکەمجار لە کوردستان و عێراق کارگەیەکی دروستکردنی "کەرەی عەلی بابا"ـیان لە شاری سلێمانی بەناوی هامنۆ (نوێگەری) کردوەتەوە.
لەبارەی کارگەکەوە خەندە بە نەوژینی وت: لەنێو کارگەکەمان سێ جۆر لە کەرە بە تامی (سادە، هەنگوین و شکوڵاتە) بەرهەم دەهێنین، پلانمان هەیە لە داهاتو دا جگە لە کەرە چبزی عەلی بابا و شیرینی عەلی بابایش دروستبکەین، هەروەک لەگەڵ گەورەبونی کارگەکە لەپڕۆژەماندایە چەند گەنجێک لێرە دابمەزرێنین تاوەکو سودمەند بن لێی.
وتیشی: بەرهەمەکانمان بەتەواوەتی خۆماڵین و دورن لە مەوادی حافیزە.
کارگەکە ماوەی چوار مانگە کەوتوەتە کار، دروستکردنەکەی بیرۆکەی ژیار بوە، ئەو ماوەی سێ ساڵ دوکانی چەرەساتی هەبوە بیرۆکەکەشی هەر لەوەوە وەرگرتوە.
ژیار، بە نەوژینی وت: بیرۆکەی دروستکردنی کارگەکەم لە دوکانی چەرەسەکەمەوە بۆ هات، ئەوکات سەیرم دەکرد لێرە بەرهەمی دەرەوە بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆ زیاتر گرنگی پێدەدرێت و لەبەرامبەریش دا کوالێتی باش نیە و نرخیشی گرانە بۆیە بیرم لە دروستکردنی کارگەیەک لەم بوارە کردەوە، هەروەها هۆکارێکی دیکەش هەبونی سودە زۆرەکەی بو و وتم گرنگە کارێک بکەین سودی بۆ خەڵکی هەبێت.
لەبارەی ئەوەی چۆن خوشک و برایەک پێکەوە کارگەیەک بەڕێوەدەبەن، ژیار وتی: بڕیارمان دا پێکەوە کاربکەین، چونکە هەردوکمان لەدوای تەواوکردنی زانکۆوە بێکار مابوینەوە، خەندەی خوشکم زۆر خەمی منی بو و دەیویست کارێکم هەبێت، منیش حەزمکرد کارەکە پێکەوە بکەین، چونکە ئەم جۆرە کارانە پێویستی بە پاکی و وردی زۆر هەیە و ژنان لەو روەوە باشترن بەراورد بە پیاوان.
لەبارەی شێوازی کارکردنیشیانەوە، خەندە وتی: رۆژانە هەشت بۆ دە کاتژمێر کاردەکەین، بەرهەمەکانمان بەزۆری بەشێوەی ئۆنلاین ساغ دەکەینەوە، هەندێک کاتیش دابەشی سەر مارکێتەکانیان دەکەین.
خەندە، هاوکات خێزاندارە و دایکی چوار مناڵە، وتی: کارکردن و ئەرکی دایکایەتی کردنی چوار مناڵ قورسە، بەڵام توانیومە هاوسەنگی رابگرم و خێزانەکەشم یارمەتیدەرن لەو روەوە.