* نەوژین
ماوەی ١٠ ساڵە یاریزانی هێزی لەش (پاوەرلیفتینگ)ـە، لەگەڵ ئەوەدا سەرپەرشتی ٢٣ ژن و کچی دیکەی کردوە، تاوەکو فێری وەرزشەکە ببن، گلەيی دەکات و دەڵێت: سەرباری دەستکەوتەکانم، لایەنی پەیوەندیدار گرنگیان پێ نەداوم.
ساریا بهكر، نیشتەجێی شاری ههڵهبجهیه و لە ٢٠١٣ـوە یاریزانی هێزی لەش (پاوەرلیفتینگ)ـە، خاوەنی نازناوی بەهێزترین خانمی عێراقیە.
لەبارەی سەرەتای دەستپێکردنی بەم وەرزشە، ساریا بە نەوژینی وت: بەر لە ١٠ ساڵ دەستم بەم وەرزشەکرد، سەرەتا لەنێو هۆڵەکان یاریمدەکرد، ماوەی شەش ساڵە تەنها بۆ پاڵەوانیەتی یاری دەکەم و لەو ماوەیە دا هچ راهێنەرێکم نەبوە، تەنها بە لێهاتويی خۆم دروستبوم.
بەشداری لە چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کردوە، لە ٣٨ پاڵەوانیەتی مەدالیای زێڕی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بەشێک لەو مەدالیانە بریتین لە: سێ مەدالیای زێڕی جیهانی، مەدالیایەکی زێڕی نێودەوڵەتی و سێ مەدالیای زێڕی ئاسیا.
ساریا، هەروەها خاوەنی نازناوی بەهێزترین خانمی عێراق و خاوەنی ریکۆردی عێراقە لە هێزی لەش (پاوەرلێفتینگ) بۆ هەردو یاری پرێس و سکوات، هەروەک خاوەنی ریکۆردی هەڵگرتنی زۆرترین قورساییه لە سەر ئاستی عێراق.
یاریزانانی وەرزشی هێزی لەش دابەش دەبن بۆ دو جۆر: جۆرێک بەشێوەی گروپ و یانە یاریدەکەن، جۆرەکەی دیکەشیان پێیان دەڵێن (تاک/ فەردی)، ئەم جۆرەیان تەنها بە لێهاتویی خۆیان دروست دەبن، ئەگەر نا هیچ یانەیەکی تایبەتیان نییە، وەک ساریا ئاماژەی پێکرد: تەنانەت خەرجی مادی تەندروستی و خۆراک و هەمو شت لەسەر خۆمانە.
جگە لە وەی کە یاریزانە، ساریا هاوکات سەرپەرشتی ٢٣ ژن و کچی دیکەی کردوە تاوەکو فێری وەرزشەکە ببن.
وتی: لەنێو ئەو ژمارەیە تەنها دو کەسیان ماونەتەوە و بەردەوامن لە وەرزشەکە، هۆکاری وازهێنانیشیان رێگری کۆمەڵگە و نەبونی دەستکەوتی ماددی بو لە ئەنجامدانی وەرزشەکە.
سەرباری ئەوەی ساریا بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کردوە و تێیان دا چەندین ریکۆردی تۆمارکردوە، بەڵام وەکخۆی دەڵێت، لایەنی پەیوەندیدار گرنگیان بە دەستکەوتەکانی نەداوە.
زیاتر وتی: من هەرچەندە تاکە کچی کورد و عێراقیم کەوا ئەو دەستکەوتانەم بەدەستهێناوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار نەک تەنها گرنگیان پێنەداوم، بەڵکو هیچ هاوکاریەکی ماددیشیان نەکردوم، لەکاتێدا زۆر پێویستیم بە هاوکاری ماددی هەیە، بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانیەتیە جیهانیەکان بکەم.
ساریا، لە ئێستا دا خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ بەشداریکردن لە دو پاڵەوانیەتی دیکە کە یەکێکیان جیهانیە و ئەوی دیکەیان تایبەت بە وڵاتانی عەرەبیە و بڕیارە لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەبچێت.