* نەوژین
بەپێی ئامارەکان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە شاری هەڵەبجە هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان تۆمارنەکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرێژایی ساڵی رابردوش هیچ ژنێک لەو پارێزگایە نەکوژرابو.
بەپێی ئامارێکی تایبەتی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ نەوژین، دەرکەوتوە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە ناوەندی شاری هەڵەبجە و هەریەک لە قەزاکانی (سەیدسادق و شارەزور) هیچ حاڵەتێکی کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندنی ژنان روینەداوە
ئەوەش لەکاتێکدایە بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، لە (٢٥ـی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو)، وتی: لەمساڵ دا هیچ ژنێک لە پارێزگای هەڵەبجە نەکوژراوە، هەروەک هیچ ژنێکیش بەشداری هیچ تاوانێکی نەکردوە.
هاوکات سەرباری ئەوەی ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە بڕیاری کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەرچوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە، لەبری ئەوە بینایەک لە قەزای سەیدسادق لەژێر ناوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە بۆ راپەراندنی کارەکانی بەرێوەبەرایەتیەکە دیاریکراوە.
لەوبارەیەوە، بورهان ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە، بە نەوژینی وت: چەند رێکارێک ماون بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە و هێشتا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکە.
بەپێی ئامارەکانی نوسینگەکە لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دا لە ناوەندی شاری هەڵەبجە و هەریەک لە قەزاکانی (سەیدسادق و شارەزور)، بە کۆی گشتی ٧٩ سکاڵا تۆمارکراوە، بەشێوەیەک: ٤١ کەیسی لێدان، ١٧ کەیسی هەڕەشە، ١٣ کەیسی جنێودان و ٨ کەیسی ئیهانە بوە.
بورهان ئەحمەد، وتی: نەبونی بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە سنورەکە هۆکارە بۆ کەمی رێژەی سکاڵا و بەوهۆیەوە ئامارەکانی هەڵەبجە لەبارەی توندوتیژی دژ بە ژنان ورد (دەقیق) نیین.
لەلایەکی دیکەوە هەرچەندە لە هەمو پاریزگاکانی کوردستان شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنان بونی هەیە، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە لەمەش بێبەشە، کاتێکیش ژنێک پێویستی بە داڵدەدان هەبێت دەبردرێتە سلێمانی و دەبێت لەوێ بمێنێتەوە.