* نەوژین
دوای سێ ساڵ لە کوشتنی هاوسەرە دوگیانەکەی، دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ پیاوێک دەرکرد.
ئەمڕۆ (٤ـی تەموز) لە دادگای سلێمانی، دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی (نەجیبە عەبدولکەریم) کە هاوسەرەکەی بو بەڕێوەچو، تێیدا دادوەر بە پێی ماددەی ٤٠٦/١ لە یاسای سزادانی عێراقی سزای لە سێدارەدانی بۆ تاونباری بکوژ (ه،ل)، تەمەن ٤٠ دەرکرد.
لەوبارەیەوە، شۆخان ئەحمەد، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسەکە، بە نەوژینی وت: روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەوان دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ بون، دوای ئەوەی نەجیبە بەهۆی کێشەکانی نێوانیانەوە داوای جیابونەوەی لە هاوسەرەکەی کردبو و کەیسەکەیان رۆشتبوە دادگا، بەڵام هاوسەرەکەی رازی نەبو بە جیابونەوە، بۆیە شەوێک هەڵیکوتایە سەر ماڵی نەجیبە لە سلێمانی و بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هێنا.
نەجیبە عەبدولکەریم، تەمەن ٣٥ ساڵ، ئەوکات دوگیان بو بە پێنجەم مناڵیەوە، لە نەخۆشخانە مناڵەکەی رزگار کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی خۆی گیانی لەدەستدا.
شۆخان ئەحمەد، هەروەها وتیشی: ئێمە لەسەر داوای خێزانەکەی نەجیبە، کەیسەکەمان وەرگرت و خێزانەکەی بەتایبەت براکەی زۆر یارمەتیدەرمان بون.
بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا سزای لە سێدارەدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ ناکرێت، بۆیە ئەو کەسانەی سزای لەسێدارە دانیان بۆ دەردەچێت، زیندانی هەتاهەتایی دەکرێن.