بڕوانامەی ماستەری لە راگەیاندن دا هەیە و جوتیاریی دەکات

2023/07/02    1210 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

ئەگەرچی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە راگەیاندن، بەڵام حەوت ساڵە جوتیاری دەکات و وەکخۆی دەڵێت: "زیاتر خۆمم لە کاری جوتیاری دا بینیەوە".

جوان عوسمان، ٣٤ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، سەرباری ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە راگەیاندن، بەڵام کاری جوتیاری دەکات.

دەڵێت: سەرەتای دەستپێکردنم بە کاری جوتیاری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی بڕوانامەی ماستەرم لە راگەیاندن بەدەستهێنا، ویستم کاری راگەیاندن بکەم، بەڵام چونکە کاری کەناڵە راگەیاندنەکان لەگەڵ حەز و خولیاکانم یەکیان نەدەگرتەوە، بۆیە ئەو کارەم نەکرد، بەڵکو زیاتر خۆمم لەکاری جوتیاری بینیەوە، هەر بۆیە دەستم بەم کارە کرد.

بە نزیکەیی حەوت ساڵە جوان جوتیارە، کارەکە لە باوکیەوە فێربوە، دەڵێت: کاری جوتیاری بۆ من کارێکی نائاشنا نەبو، چونکە باوکم پێشتر بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵ بو لە ناحیەی بەرزنجە، من لەو کاتەوە لەگەڵ باوکم دا لە پشوەکانی هاوین دەچومە بەرزنجە و لەو کاتەوە ئاشنای کاری کشتوکاڵییم.

جوان لەناو کێڵگەیەکی گەنم دا                 فۆتۆ: تایبەت بە نەوژین

 

جوان، بەتەنها جوتیاری بۆ زەویەکانی خۆیان ناکات، بەڵکو جوتیاری بەتەواوەتی کردوە بە پیشە و سەرپەرشتی زەوی چەندین خانەوادەی دیکە دەکات.

وتی: پێشتر بە تەنها هەمو کارەکانم دەکرد، بەڵام ئێستا چونکە کارەکان زۆربون، بەتەنها پێڕاناگەم، چەند کرێکارێکم لەگەڵن، ئەوان کارەکانی چاندن ئەنجامدەدەن.

لە زەوییەکاندا، جوان: گەنم و پاقلەمەنییەکانی وەکو: پاقلە، نیسک و نۆک، هاوینانیش بێستانی کاڵەک و باخداری وەک: ترێ و بادەم بەرهەمدەهێنێت.

"لەکاتی ناشتن و دروێنە دا دەبێت رۆژانە سەردانی زەویەکان بکەم، بەڵام کاتەکانی دیکە چەند رۆژێک جارێک سەردانیان دەکەم". جوان وای وت.

سەرباری ئەوانە، وازی لەکارە بنەڕەتیەکەی نەهێناوە و وەک رۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ کاردەکات.

وتی: بەشێوەی سەربەخۆ کاری رۆژنامەوانی دەکەم، بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆم هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بڵاویان دەکەمەوە و بەو شێوەیە بەردەوام دەبم.

وتیشی: لە پلانم دا هەیە پەڕەیەکی تایبەت لە سۆشیاڵمیدیا دروستبکەم و تێیدا باس لە کاری کشتوکاڵی و ژیانی جوتیاران بکەم.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,100     ژمارەی میوان 583

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە