* نەوژین
زیاتر لە هەفتەیەکە ژنێک لە قەزای خانەقین رفێندراوە، سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی قەزاکە دەڵێت: لەسەر کەیسەکە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ۲ کەس دەرچوە.
لە رۆژی ۱٦ـی ئەم مانگەوە، ژنێک بەناوی (ا،ع،ح)، ۲٦ ساڵ، دانیشتوی کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی وان سیتی لە قەزای خانەقین، رفێندراوە، ئەو بە رەگەز کوردە و چەند مانگێکە هاوسەرگیری کردوە.
لەبارەی روداوەکەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای خانەقین بە نەوژینی وت: بەپێی زانیاریەکانمان ٢ کەس کە هاوڕێی نزیکی مێردەکەی بون ژنەکەیان رفاندوە، هەر بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرکردون، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.
لەبارەی چارەنوس و دۆخی ژنەکەش وتی: هیچ زانیاریەک لەبارەی دۆخی ژنەکەوە نیە، بەڵام لەکاتی لێکۆڵینەوە دا لە نێو ماڵەکە خوێن بەهەندێک لە کەرەستەکانەوە بینراوە.