پارساڵ لەهەرێم نزیکەی ١٦ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە

2023/06/21    676 جار بینراوە

 

* نەوژین

رێکخراوی 'هاریکاری یاسایی ژنان' ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری و جیابونەوەی بۆ ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ (٢١ـی حوزەیران)، بەبۆنەی ساڵیادی دەرچونی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی 'رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان' لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دا بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED، ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری و جیابونەوەی بۆ ساڵی رابردو (٢٠٢٢) خستەڕو.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە هەرێمی کوردستان ١٥ هەزار و ٩٧١ حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، بەشێوەیەک: لە هەولێر ٤٠٦٧ حاڵەت، لە سلێمانی ٥٤١١ حاڵەت، لە دهۆک ٤٣٤٨ حاڵەت، لە گەرمیان ١٠٨٢، لە راپەڕین ٦٢٤ حاڵەت، لە سۆران ٣٦٥ حاڵەت و لە هەڵەبجە ٧٤ حاڵەت هەبوە.

ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابونەوەش بەمشێوەیە بون:

لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستان ٢١ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراوە، لەبەرامبەر دا ٥ هەزار ٥٣٣ حاڵەتی جیابونەوە تۆمارکراوە، بەوەش ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابونەوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیادیان کردوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٢٠ هەزار کەس پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و  ٤ هەزار و ٧٦٧ حاڵەتی جیابونەوەش تۆمارکرابو.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەدا شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، وتی: بەپێی ئامارەکانی بەردەستمان دەرکەوتوە لەماوەی دە ساڵ دا واتا لە ساڵی (٢٠١٣. بۆ ٢٠٢٣)، حاڵەتەکانی جیابونەوە لە کوردستان بەڕێژەی ١٣٥% زیادی کردوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,487     ژمارەی میوان 1694

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە