سروە: لەڕێگەی گروپە دەستڕەنگینیەکەمەوە هەلیکارم بۆ ٥٠ ژن رەخساندوە

2023/05/11    530 جار بینراوە

 

* نەوژین

ماوەی چوار ساڵە گروپێکی دەستڕەنگینی لەشاری سلێمانی دروستکردوە، وەکخۆی دەڵێت: لەڕێگەیەوە هەلیکارم بۆ ٥٠ ژن رەخساندوە.

سروه‌ عوسمان، دانیشتوی شاری سلێمانییە، لە ساڵی ٢٠١٩ گروپێکی دەستڕەنگینی بەناوی "گروپی خه‌یاڵی خانمان"ـەوە دروستکردوە و تائێستا سەرپەرشتی گروپەکە دەکات.

دەڵێت: گروپەکەمان لە (٥٠) خاتونی دەستڕەنگین پێکدێت، ئەوان لەنێو ماڵەکانی خۆیان کاردەکەن و پێکەوە بەشداری لە پێشەنگا و فیستیڤاڵەکان دەکەین و  بەهۆیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت. 

ئەندامەکانی نێو گروپەکەی سروە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانەوە پەیوەست بون بە گروپەکەوە.

وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: ئەندامم لەزۆرینەی شارەکان هەیە، لە هەر شوێنێک فیستیڤاڵ یان پێشەنگا هەبێت، ئاگاداری یەک دەکەینەوە و بەشداری دەکەین.

سروە، لە ساڵی ٢٠١٦ زانکۆی تەواوکردوە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، لەکاتی خوێندنی زانکۆش دا ناوبەناو کاری دەستی کردوە، بەڵام لەدوای تەواوکردنی زانکۆوە کاری دەستی کردوە بە پیشەی سەرەکی خۆی.

وتی: لە زانکۆ بەشی کارگێڕیم تەواوکردوە، بەڵام بەردەوام حەزم بەکاری دەستی هەبو، بۆیە دوای زانکۆ گرنگیم بە دامەزراندن نەدا و پشتم بەتواناکی خۆم بەست و دەستم بە کاری سەربەخۆی خۆمکرد.

کارە دەستیەکانی گروپەکەی سروە بریتین لە: چنینی جلی کوردی (کڵاو، کۆڵوانە و هێلەک) و جلی دیکەش، دارسازی، رازاندنەوە بە گوڵ، کارکردن لەسەر بەردی گرانبەها، دروستکردنی ئیکسسواراتی خانمان، دروستکردنی مۆم، تابلۆ و وشکردنەوەی میوە.

ئەو دەڵێت: کارکردن مەرج نیە تەنها بۆ پەیداکردنی بژێوی بێت، بەڵکو بۆ ئاسودەبونی دڵ و دەرونە و بەکارکردن لە خەمخواردن دوردەکەوینەوە.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,824     ژمارەی میوان 179

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە