* نەوژین، دێژین سدقی
ماوەی دو ساڵە پۆستی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت و دەڵێت: لەکارەکانی خۆم رازیم و سەرکەوتوم تێیدا.
زەینەب کەریم، دانیشتوی قەزای ئاکرێ، دەرچوی بەشی شارستانی کولێژی ئەندازیاری زانکۆی دهۆکە، ماوەی دو ساڵە وەک یەکەم ژن لە مێژوی قەزاکە پۆستی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێی پێ سپێردراوە.
وەک خۆی بە نەوژینی وت: من پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە ساڵی (٢٠١٣)ـەوە بەرپرسی بەشی مۆڵکایەتی لە شارەوانی ئاکرێ بوم، دواتر چومە بەشی ئەندازیاری و ماوەیەک لەوێ مامەوە، دواتر کە لە ساڵی (٢٠٢١) بڕیاردرا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بگۆڕدرێت (سیڤی)ـی خۆمم بۆ ناردن و قەبوڵیانکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ لە ساڵی (٢٠٠١)ـەوە دامەزراوە، تاوەکو ئێستا تەنها دو بەڕێوەبەری گۆڕیوە، پێشتر بۆ ماوەی بیست ساڵ یەک کەس بەڕێوەبەر بو، ماوەی دو ساڵیشە زەینەب ئەم پۆستەی وەرگرتوە، پێیشیوایە لەکارەکەی دا سەرکەوتو بوە.
وتی: لەکارەکانی خۆم زۆر رازیم و سەرکەوتوم تێیدا، چونکە پێشتر کاری بەرێوەبردنم کردوە و شارەزایی و ئەزمونێکی باشم لە بوارەکە وەرگرتوە.
جگە لە بەرێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، دو ژنی دیکە پۆستی بەرێوەبەری دو بانکی حکومییان لە نێو قەزاکەدا هەیە.
لەبارەی توانای بەڕێوەبەرانی ژنەوە، زەینەب وتی: بەڕای من هیچ جیاوازیەک لەنێوان ژن یان پیاو بۆ ئەو پۆستانە نیە، گرنگ ئەوەیە لێهاتو و زانا بێت، تەنانەت زۆرکات بەڕێوەبەرانی ژن بیرۆکەی جوان و باشتریان بەراورد بە پیاوەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: هەمو کات پاڵپشتی ژنانم و حەزدەکەم لە بوارەکەدا رۆڵێکی گەورەیان هەبێت، بەڵام نەبونی میلاک و نەبونی گرێبەست لەم بوارەدا بونەتە رێگر لە بەردەم ئەوەی بتوانم بەشداری ژنان لەبوارەکە زیادبکەم و رۆڵیان پێ بسپێرم.