* نەوژین، مەریەم خالد
گوڵناز، نوسەری شەش کتێبی تایبەت بە ئەنفالە و تێیاندا چیرۆکی رزگاربوانی ئەو گوندانە دەگێڕێتەوە کە ئەنفالکراون، دەڵێت: دەمەوێت هەر گوندێکی ئەنفالکراو خاوەن چیرۆک و ناسنامەی خۆیبێت.
چالاکوان و نوسەر: گوڵناز عەزیز، ٥٢ ساڵ، لە دێی قەڵاقوچاڵی سەر بە ناحیەی رزگاری/ کەلار لەدایک بوە، لە کەلار ژیاوە و دواتر چوەتە هەولێر، خاوەنی شەش کتێبی چاپکراوە کە تێیاندا چیرۆکەکانی ئەنفال دەگێڕێتەوە.
ئەو کە زۆرتر بە "گوڵاڵەی گەرمیان" ناسراوە، لە دیدارێکی نەوژین دا ئاماژەی بەوەکرد: لە ساڵی ٢٠١٥ دو کتێبم چاپ و بڵاوکردەوە، کتێبی یەکەمم بەناوی (گوندی زینانەی داوێ) بو، دوەمیشم بەناوی (سێ ژن) بو، کە تێیدا باسم لە سێ ژنی دانیشتوی گوندی 'کانی عوبێد' و مێژوی گوندەکە و چۆنیەتی ئەنفالکردنی دەکرد.
ئەو خانمە نوسەرە ساڵی ٢٠٢٠ سێ کتێبی دیکەی بەناوەکانی (تاڵاو یان شەکراوەکەی گەرمیان، ژنێک لە هەزاران ژن و نیشتیمانی تەوارەکان) چاپ و بڵاوکردوەتەوە، هاوکات هەر لەو ساڵەدا کتێبی (سێ ژن)ـی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
گوڵناز لە مەراسیمی ناساندنی کتێبەکانی لە کەلار
وتی: لە کتێبی تاڵاو یان شەکراوەکەی گەرمیان، باس لە گوندی تاڵاو دەکەم و چیرۆکەکانی دەگێڕمەوە، لە کتێبی نیشتیمانی تەوەرەکانیش دا باس لە گوندی عەزیز قادر و توکن دەکەم، لە کتێبی ژنێک لە هەزاران ژنیش دا باس لە ژنێکی رزگاربوی ئەنفال دەکەم.
لە ناوەڕۆکی کتێبەکانی دا جگە لە باسکردنی مێژو و گێڕانەوەی چیرۆکەکان، ئامار و ناوی قوربانیانی ئەنفالیش بونیان هەیە، جگە لە باسکردنی ئەنفال و قوربانیەکانی، گوڵناز خاوەنی چەندین بەرهەمی تایبەت بە پرس و مافەکانی ژنانیشە.
لەبارەی هۆکاری ئەوەی بەزۆری کاری لەسەر ئەنفال کردوە، ئەو وتی: لەدوای راپەڕینەوە زۆرترین گرنگیم بە پرسی ئەنفال داوە، چونکە زۆرێک لە کەسوکارەکەم ئەنفال بون و خۆشم وەک گەرمیانیەک لەنێو روداوەکە بوم، هەروەک دەمەوێت هەر گوندێکی ئەنفالکراو خاوەن چیرۆک و ناسنامەی خۆی بێت.
بەرگی دو لە کتێبەکانی گوڵناز
لەکاتی نوسینی کتێبەکان گوڵناز توشی چەند گرفتێک بوەتەوە.
وتی: لەکاتی نوسینی کتێبەکان توشی چەند گرفتێک دەبومەوە، لەوانە: خەرجی دارایی و نەبونی کاتی پێویست و دوریم لە کەسانی قوربانی ئەنفالەوە.
کارێکی دیکەی گوڵناز بۆ ئەنفال، کردنەوەی مۆنۆمێنتێکە لەسەر خەرجی خۆی لە گوندی زنانە، کە تێیدا ناوی شەهیدەکانی ئەنفال و شەهیدەکانی شۆڕشەکانی دیکەی لە ژورێکدا هەڵواسیوە.
ئەو هاوکات یەکەم ژنە گەرمیانیە کە بوە بە ئەندامی پارلەمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە دیاریکرا بۆ بون ئەندام پارلەمان و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٩ ئەندامی پارلەمانی کوردستان بو.